ژنانی پێشووی چه‌كدارانی داعش ورده‌كاریی ژیانی هاوسه‌رییان ئاشكرا ده‌كه‌ن
"نرخی كه‌نیزه‌ك ده‌گه‌یشته 30 هه‌زار دۆلار"
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی چه‌ند دیمانه‌یه‌ك كه ئاژانسی "RUPTLY" رووسی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ژنه پێشووه‌كانی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامیداون، ورده‌كاریی ژیانی هاوسه‌رگیریی خۆیان ئاشكرا كردووه‌و باسی سه‌ب و جیهادی نیكاح و ژیانی چه‌كدارانی داعش ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له ژنه‌كان كه خۆی به "خه‌دیجه" ده‌ناسێنێت، باسی شێوازی داخوازیكردنی خۆی گێرڕاوه‌ته‌وه كاتێك وه‌ك خۆی ده‌ڵێت"برایه‌كی رێكخراوه‌كه" كه بریندار بووه داوای هاوسه‌رگیریی لێكردووه.
ئه‌و ژنه كه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه رایكردووه ده‌ڵێت "ژنانی چه‌كدارانی داعش، بۆیان هه‌بووه كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌یان له جه‌نگه‌كاندا كوژرا، شوو به پیاوی دیكه بكه‌نه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه " چه‌كدارێكی داعش ده‌یتوانی هاوسه‌ری خۆی هه‌بێت و له هه‌مان كات "كه‌نیزه‌ك" بكڕێت، به‌ڵام شه‌وێك لای ژنه‌كه‌ی ده‌نووست و شه‌وێك لایه "سه‌بی"ـیه‌كه".
هه‌روه‌ها ژنێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵانی لوبنانی باسی ئه‌وه‌ی كردووه هاوسه‌ره‌كه‌ی فیكری "سه‌له‌فی" له مێشكی‌دا چاندووه‌و رازیكردووه په‌یوه‌ندی به رێكخراوی داعشه‌وه بكات، هه‌روه‌ها ئاماژه به بازرگانیكردن و نرخی كڕین و فرۆشتنی ژنان و كه‌نیزه‌كه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت " هه‌یانبووه نرخه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته 30 هه‌زار دۆلار، ئه‌گه‌ر بهاتایه جوان بوایه و تازه پێگه‌یشتوو بوایه".
قسه و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژنه داعشانه له كاتێكدایه، پێشتر ئه‌و رێكخراوه ده‌رگای بۆ چه‌كداره‌كانی كردبووه‌وه كه بازرگانی به ژنانه‌وه بكه‌ن و له هێرشه‌كانیشیاندا، ژماره‌یه‌كی زۆریان ده‌ستگیر بكه‌ن و وه‌ك كه‌نیزه‌ك، كڕین و فرۆشتنیان پێوه بكه‌ن.