ئەمریكا سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنێت

بەھۆی تاقیكردنەوەی موشەكی بالستی ئابڵۆقە دەخرێتە سەر سوپای پاسداران و لایەنە بازرگانییەكانی

K24 - ھەولێر

سیناتۆرەكانی دیموكرات و كۆمارییەكانی ئەمریكا پێشنووسێكیان ئامادە كردووە بۆ توندتركردنی سزا نائەتۆمییەكانی سەر ئێران.

رویتەرز بڵاوی كردەوە ئەم پلانە پشتگیری 14 سیناتۆری دیموكرات و كۆمارییەكان لە پشتە و بە ھۆیەوە سزای جێبەجێكار بەسەر ئەو كەس و دامەزراوانەدا دەسەپێنێت كە پەیوەندییان بە  بەرنامەی مووشەكی بالستی ئێران ھەیە و بۆ ئەم بوارە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن.

بەپێی ئەم پرۆژە پلانە، ئابڵۆقە دەخرێتە سەر سوپای پاسداران و ھەروەھا سزادانی ئەو كەسانەشی یاسایی دەكات كە بەھۆی بڕیاری جێبەجێكاری ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە پشتگیری لە تیرۆر تۆمەتبار كراون.

پلانەكە ھەروەھا سەرۆكی ئەمریكا پابەند دەكات سزا بخاتە سەر ئەو كەس و دامەزراوانەی كە بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی فرۆشتنی چەك و كەرەستەی سەربازی پێشێل دەكەن.

ھەرچەندە سیناتۆرەكانی ئامادەكاری ئەم پلانە دەڵێن سزا نوێیەكان پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئێران ھەر جورە سزای یەكلایەنەی ئەمریكا دژی بەرنامە موشەكییەكانی بە پێشێلكردنی رێكەوتننامەی ئەتۆمی دەزانێت.

ئێران لە ماوەكانی رابردوو سەرباری تاقیكردنەوەی موشەكی بالستی چەندین موشەكی دیكەشی تاقیكردەوە، بە ھۆیەوە كاردانەوەی توندی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپای لێكەوتەوە.

ھەر پاش تاقیكردنەوەی موشەكی بالستی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە توندی ھێرشی كردە سەر ئێران و گوتی یاری بە ئاگر دەكات و پێشتریش ھەڕەشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامەی ئەتۆمی كردبوو، كە پێی وایە بەھۆی ئەم رێككەوتنەوە ئێران بەھێزتر بووە.