كوه‌یت ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری ئێران ده‌رده‌كات
هۆشداریشی داوه‌ته باڵیۆزی ئێران
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی كونای كوێتی له زاری به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوێت بڵاویكردووه‌ته‌وه، به گوێره‌ی بڕیارێكی دادگای پێداچوونه‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، رێكاری پێویستی له به‌رامبه‌ر باڵیۆزی ئێران و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتكاری ئه‌و وڵاته گرتووه‌ته به‌ر و مۆڵه‌تی 48 كاتژمێری وه‌ك مۆڵه‌ت داوه‌ته باڵیۆزی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی كوێت جێبهێڵێت.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگا، باڵیۆزی ئێران و ئه‌و دیپلۆماتكارانه، هاوكاری شانه‌ی "عه‌بدلی"یان كردووه، كه گرووپێكی تیرۆریستی سه‌ر به حزبوڵڵای لوبنانیین و له ناوچه‌ی عه‌بدلی كوێت، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان كۆگا كردووه و وه‌ك به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نیازی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییان هه‌بووه.
هاوكات حكوومه‌تی كوێت تارانی له‌وه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، ده‌بێت ژماره‌ی دیپلۆماتكاری له كوێت كه‌مبكاته‌وه و نووسینگه ته‌كنیكییه‌كانیشی دابخات، هاوكات چالاكییه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئێرانیشی سنووردار كردووه.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵیش بڵاویكردووه‌ته‌وه، حكوومه‌تی كوه‌یت، پاشكۆی كولتووری و نووسینگه‌ی سه‌ربازی باڵیۆزخانه‌ی ئێرانی داخستووه و مۆڵه‌تی 45 رۆژیشی وه‌ك مۆڵه‌ت داوه‌ته 5 دیپلۆماتكار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته جێبهێڵن.
لای خۆیه‌وه ئێرانیش باڵیۆزی كوێتی له تاران بانگهێشت كردووه داوای لێكردووه ئێران جێبهێڵێت.
رۆژی 13ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2015، وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوێت، ده‌ستی به‌سه‌ر كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گرت، له یه‌كێك له كێڵگه‌كانی ناوچه‌ی عه‌بدلی، نزیك سنووری عێراق، كه به ده‌یان تۆن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و مه‌وادی ته‌قینه‌وه و چه‌كی جۆراو جۆر و نارنجۆكی تێدابووه تێدا بووه.