توركيا وه‌ڵامى پێنتاگۆنى دايه‌وه
ئه‌مريكا: له توركيا كارێك ده‌كه‌ن سه‌ربازه‌كانمان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژى سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، حكومه‌تى توركيا رۆڵى نه‌بووه له بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى شوێنه سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مريكا له سووريا.
ئيبراهيم كالن، له كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، رايگه‌ياند، ئاژانسه‌كانى توركيا ئه‌و هه‌واڵه‌يان بڵاوكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پرسه هيچ په‌يوه‌ندييه‌كى به حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌وه نييه.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مريكا (پێنتاگۆن) رايگه‌ياند، راپۆرتى ميدياى توركيا بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى بنكه سه‌ربازييه‌كانى ئه‌مريكا له سووريا بكه‌ونه مه‌ترسييه‌وه و له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا ئه‌مريكا له لاى ناتۆ سكاڵاى له دژى توركيا به‌رز كردووه‌ته‌وه.
دواى ئه‌وه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵى توركیا، رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، راپۆرتێكی له‌باره‌ی شوێنی بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و ده‌یان جبه‌خانه‌ی سه‌ربازییان له رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا ئاشكرا كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی هێزه تایبه‌ته‌كانی سوپای ئه‌مریكاشیان بڵاوكردبووه‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌مریكا توڕه بووه‌و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به درووستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر بنكه‌كانی ناو ده‌بات.
به گوێره‌ی ئاژانسه توركییه‌كه "200 سه‌ربازی ئه‌مریكی و 75 سه‌ربازی فه‌ره‌نسی له بنكه‌ی پێشه‌وه‌ی پێشڕه‌ویی جه‌نگن له باكووری ره‌ققه كه 30 كیلۆمه‌تری له شاره‌كه‌وه دووره و داعش كردوویه‌تییه مۆڵگه‌ی سه‌ره‌كی خۆی.
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌دریان رانكین گالوای، گوته‌بێژ به ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه، "ئاشكراكردنی ئه‌و زانیارییه نهێنییانه هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كه له دژی داعش ده‌جه‌نگن ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه. "مه‌ترسییه‌ك كه پێویست نییه رووبه‌ڕووی ببنه‌وه".
هه‌روه‌ها گوته‌بێژه‌كه‌ی پێنتاگۆن گوتوویه‌تی: "هه‌ست به نیگه‌رانییه‌كی زۆر ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر به‌رپرسانه‌ی وڵاتێكی هاوپه‌یمانی ناو په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سیی (ناتۆ) كه كارێك ده‌كه‌ن سه‌ربازه‌كانمان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه و ئه‌و كاره‌ش به ئه‌نقه‌ست ئه‌نجامده‌ده‌ن و زانیارییه نهێنییه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر بۆیه نیگه‌رانیی خۆمان به حكومه‌تی توركیا راگه‌یاندووه".
گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ی ده‌رباره‌ی وردیی زانیارییه‌كانی ئاژانسه توركییه‌كه رانه‌گه‌یاند.