بومه‌له‌رزه‌يه‌ك كه‌ناراوه‌كانى ده‌رياى ئيجه‌ى هه‌ژاند

دانيشتوانى ناوچه‌كه‌ شه‌ويان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانيان به‌سه‌ر برد.

K24 – هه‌ولێر:

به‌ره‌ به‌يانى ئه‌مڕۆ بومه‌له‌رزه‌يه‌ك به‌ گوڕى 6.3 پله‌ى رێخته‌ر كه‌ناراوه‌كانى ده‌رياى ئيجه‌ى له‌ خۆرئاواى توركيا هه‌ژاند و به‌ دوايشيدا 40 له‌ره‌ى ديكه‌ تۆمار كراوون.

سه‌رۆكايه‌تى فه‌رمانگه‌ى كاره‌سات و فرياكه‌وتنى سه‌ر به‌ سه‌رۆكايه‌تى وه‌زيرانى توركيا له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، بومه‌له‌رزه‌كه‌ كاتژمێر 01:31ى به‌ره‌ به‌يانى ئه‌مڕۆ له‌ قوڵى 07.08ى ژێر زه‌وى روويداوه‌.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌كان بومه‌له‌رزه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى درووستكردنى ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌ ناو خه‌ڵكدا و به‌و هۆيه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى دانيشتوانى ناوچه‌كه‌ نه‌يانتوانيوه‌ له‌ ماڵه‌كانيان بمێننه‌وه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌ ئاژانسى هه‌واڵده‌رى يۆنانى بڵاويكرده‌وه‌، دوو كه‌س به‌ هۆى بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ گيانيان له‌ده‌ستداوه‌ و ژماره‌يه‌كى ديكه‌ بريندار بوون.

ميدياى يۆنان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، به‌ هۆى بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ زيانێكى ماددى زۆر به‌ر ماڵ و موڵكى هاووڵاتيان كه‌وتووه‌ و مناره‌ى مزگه‌وتى ده‌فته‌ردارى سه‌رده‌مى عوسمانييه‌كانيش زيانى به‌ركه‌وتووه‌.

ديلبێر ئه‌ريكان، خانه‌نشينێكى توركه‌ و كاتى رووداوه‌كه‌ له‌ ماڵ بووه‌ و ده‌ڵێت: له‌سه‌ر جێگه‌ى خه‌وتن بووم، ژووره‌كه‌ هه‌ژا و هه‌ندێك په‌رداغ كه‌وتن و زۆر ترسام چونكه‌ به‌ ته‌نيا بووم.