به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی: داعش و ئێران دوژمنی ئه‌مریكان
"حزبوڵڵا و میلیشیاكانی یه‌مه‌ن و عێراق نموونه‌یه‌كن بۆ درووستبوونی مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا"
K24 - هه‌ولێر:
مایك پۆمپیۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریكا (CIA) ده‌ڵێت "داعش و ئێران له سووریا دوژمنی ئه‌مریكان و ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له سیاسه‌ته‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌باره‌ی چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رژێمی فه‌رمانڕه‌وای ئێران و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی پاوانخوازی ئه‌و وڵاته له ناوچه‌كه‌دا بكات".
به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریكا له لوتكه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌سپین ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه كه "ئێران ده‌وڵه‌تێكه زۆرترین هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له جیهان درووستكردووه".

ئه‌و به‌رپرسه باڵا هه‌واڵگرییه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت "گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئیران، پاش جێبه‌جێكردنی ستراتیژی نوێی واشنتن دێن و "ده‌ستمان به هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانی پلانه‌كه كردووه، به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ هاوپه‌یمانێتییه‌كی له وڵاتانی ناوچه‌كه پێكهێناوه تا زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی پاوانخوازی و په‌لكێشی زیاتری ئیران درووست بكه‌ن".
له هه‌مان چوارچێوه‌دا مانگی شوباتی رابردوو، ریكس تیلرسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش رایگه‌یاندبوو كه "واشنتن به‌رامبه‌ر ئێران پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واو به سیاسه‌ته‌كانیدا ده‌كات".
به‌ڕێوه‌به‌ری سی ئای ئه‌ی، وای ده‌بینێت كه "چالاكییه‌كانی حزبوڵڵای لوبنانی و ره‌وشی یه‌مه‌ن و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق، نموونه‌یه‌كن كه ئێران ده‌یه‌وێت سه‌ركردایه‌تی ناوچه‌كه بگرێته ده‌ست، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا".

پۆمپیۆ ده‌ڵێت "ئێران هه‌وڵیش ده‌دات هه‌ژموونی خۆی له سووریا زیاد بكات و ده‌یه‌وێت له سنووره‌كانی عێراقه‌وه بپهرێتهوهو هه‌ر دوو وڵاته‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی پێكه‌وه ببه‌ستیته‌وه".
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه "به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ته‌نها له سووریادا كورت نابێته‌وه و پێویسته دوورتر بڕوانین و ئه‌و بارودۆخه به شیوه‌یه‌ك بگونجێنین كه له رێگه‌یه‌وه سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا به‌رقه‌رار بێت و ئاسایشی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش پارێزراو بێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریكا، به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریای وه‌ك "بوكه‌ڵه" یه‌ك به ده‌ست ئیرانییه‌كانه‌وه ناوبردووه‌و گوتوویه‌تی "قورسه باوه‌ڕ به‌وه بكه‌یت كه ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات بمێنیته‌وه‌و سووریا سه‌قامگیریی به خۆیه‌وه ببینێ و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ر بێت".