"1000 كیلۆمه‌تر له ئێران دووركه‌ونه‌وه"
"ئەگەر ئەمریکا بیەوێت سوپای پاسداران گەماڕۆ بدات، دەبێت بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بۆ زیاتر له هەزار کیلۆمەتر له ئێران دووربخاته‌وه"
K24 - هه‌ولێر
فەرماندەیه‌كی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند "ئەمریکا دەبێت بە باش بزانێت، ئێران ده‌توانێت تا دووری هەزار کیلۆمەتر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بپێكێت.
بە گویره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی مێهری ئێرانی، محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداری داوه‌ته ئەمریکا دا کە گەماڕۆدانی سوپای پاسداران له لایه‌ن واشنتن مەترسی بۆ سه‌ر بنکە سەربازییەکانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا لە ناوچەکەدا دروست ده‌كات".
ئه‌و فەرماندە باڵایەی ئێران ڕووی قسه‌كانی كردووه‌ته، بەرپرسانی ئەمریکای و گوتوویه‌تی "ئەگەر ئەمریکا بیەوێت سوپای پاسداران گەماڕۆ بدات، دەبێت بنکە سەربازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا تا بۆ زیاتر له هەزار کیلۆمەتر له ئیران دووربخاته‌وه".
جەعفەری ئاماژەی بە گەماڕۆ نوێکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کردووه‌و رایگه‌یاندووه "ئه‌وه كارێكی هه‌ڵه‌یه" چونكه سه‌ره‌ڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونی ئێران بە "رێككه‌وتنی بەرجام"، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چەند گەماڕۆیەکی نوێی لە دژی چەند گرووپ و کەسایەتییەکی ئێرانی ڕاگەیاندووه.
هەروەها لەوماوەدا دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە ئەمریکا بە بیانوی هێزی مووشەکی و دەستێوەردان لە ناوچەکە، سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە خشتەی گەماڕۆکانی کۆشکی سپییه‌وه، ئەم دەنگۆیەش کاردانەوەی تووندی بەرپرسانی ئێرانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و بە نایاسایی و دژی ڕێککەوتنی بەرجام وسفیان کردووە.