پۆلیسی سۆران: دوو رۆژه ته‌رمی ژنێك له پزیشكی دادی سۆرانه و كه‌سیش به‌دوایدا نه‌هاتووه
پۆلیس داوایه‌ك له هاووڵاتییان ده‌كات
K24 - سۆران:
دوو رۆژه ته‌رمی ژنێكی ته‌مه‌ن 50 ساڵان، له پزیشكی دادی سۆرانه و تا ئێستا هیچ كه‌سێك به دوایدا نه‌هاتووه، پۆلیسی سۆرانیش داوا له هاووڵاتییان ده‌كات هه‌ر كه‌سێك زانیاری له باره‌یه‌وه هه‌یه سه‌ردانییان بكات.
نه‌قیب هاوار ئه‌رگوشی، گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران رایگه‌یاند، ته‌رمی ئه‌و ژنه كاتژمێر 6:30ی به‌یانی رۆژی 22ی ته‌ممووز، له پێچه‌كانی سیتكان دۆزراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی سۆران ئاگادار ده‌كرێته‌وه ده‌گه‌نه شوێنه‌كه و ته‌رمه‌كه ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی سۆران ده‌كه‌ن.
گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران راشیگه‌یاند، ژنه‌كه ته‌مه‌نی 50 ساڵانه و نه‌ناسراوه، هاوكات هیچ شوێنه‌وارێكی گووللـه‌ش به جه‌سته‌یه‌وه دیار نییه.
وه‌ك له پشكنینه پزیشكییه‌كانیش ده‌ركه‌وتووه، پێده‌چێت دوای گیان له‌ده‌ستدانی له‌و شوێنه فڕێدرابێت.
گوته‌بێژی پۆلیسی سۆران داوا له هاووڵاتییان ده‌كات، هه‌ر كه‌سێك زانیاری له باره‌ی ئه‌و رووداوه هه‌یه سه‌ردانییان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری له باره‌ی بوونی ته‌رمی ئه‌و ژنه له پزیشكی دادی سۆران ئاگادار بكرێنه‌وه.
