یەكێتی دوا بڕیار دەدات
لیژنەیەك بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیار دەكات
K24 - ھەولێر
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان کۆببێتەوە و لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان، و یەکلاییکردنەوەی جێبەجێکردنی نەخشە رێگاکەیان.
پەیامنێری کوردستان24 راشیگەیاند، دوای کۆبوونەوەکە لیژنە ئامادە دەبێت بۆ سەردانیکردنی و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی نەخشە رێگاکەی یەکێتی و وەڵامی پارتی.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمەی رابردوو ئاشكرای كردووە "لە كۆبوونەوەی ئاسایی رۆژی شەممە واتا ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، لەسەر کۆی ئەو بابەتانەو دوابڕیاردان لەسەریان، دەکرێت".
بەپێی زانیارییەكان ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆ لەبارەی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و كاراكردنەوەی پەرلەمان و نەخشە رێگای حزبەكەی دەكات.