حه‌شده‌كان به‌شداری جه‌نگی ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌ن
عه‌بادی: بازرگانه‌كانی جه‌نگ ده‌یانه‌وێت له‌مپه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانمان درووست بكه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ته‌ئكیدی كرده‌وه كه، سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانێكن بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر و هه‌ر دوو حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی عه‌شائیریش له خۆ ده‌گرێت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ له میانی به‌شداریكردنی له كۆنگره‌ی په‌رله‌مانی گه‌نجان له به‌غدا رایگه‌یاند "پێویستمان به جێبه‌جیكردنی سیاسه‌تیكی نیشتمانی نموونه‌یی هه‌یه تا فه‌رمانده‌كانی سوپا بۆ شكستهێنان به داعش بیگرنه به‌ر".
هه‌روه‌ها عه‌بادی گووتی "به هه‌مان وره‌ی رزگاركردنی مووسڵ، به‌رده‌وام ده‌بین تا ته‌له‌عفه‌ر و حه‌ویجه‌ش رزگار ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ئاماژه‌ی به هاوكاریی و پاڵپشتی وڵاتانی جیهان كرد و گووتی "پاڵپشتی ئه‌و وڵاتانه له جه‌نگی دژه تیرۆردا بۆ ئیراده و وره‌ی عیراقییه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه كه به راستی دژی داعش ده‌جه‌نگن".
له به‌شیكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته له په‌یوه‌ندییه‌كانیشماندا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه هاوسه‌نگی رابگرین و عێراق جگه له عێراقییه‌كان راده‌ستی كه‌سی دیكه نه‌كه‌ین".
عه‌بادی "بازرگانه‌كانی جه‌نگ"ـی تۆمه‌تباركردوو و رایگه‌یاند "ئه‌و بازرگانانه‌ی جه‌نگ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌مپه‌ر له به‌رده‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانمان به‌سه‌ر داعشدا درووست بكه‌ن، چونكه له ئاشتیدا ناتوانن به‌رده‌وامبن له بازرگانیكردن".