سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى: پێويسته‌ به‌ زووترين كات شاندێك بۆ دانووستان ره‌وانه‌ى به‌غدا بكرێت

پێويسته‌ داواى قه‌ره‌بووى زيانه‌كانى سه‌رده‌مى به‌عس بكرێت.

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوویەوە و چەند بابەتێكی تاووتوێكرد، دوابەدوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: كۆبونەوە، پێی باشە بەزوترین كات، وەفدی باڵای لایەنەكان سەردانی بەغداد بكات و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغداد، لەمیدیاكانەوە بگوازرێتەوە ناو كۆبونەوە رەسمیەكان و بەپرۆژەیەكی هەمەلایەنە لەسەر داخوازیەكانی كوردستان، لەناو هەموو لایەنە سیاسیەكان، گەڵاڵەبكرێ‌، بۆ داواكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، لەپێشەوەدا، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەپێناوی سەربەخۆیی، هەتا دەگاتە ئەو غەدرە ئابورییەی لەساڵانی رابوردوو لەكوردستان و خەڵكە لەبودجەو موچە بێبەشكراوەكە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: هەروا لێیپێچینەوەی یاسایی لەسەر پێشێلكاریی لەجێبەجێنەكردنی دەستور، بەتایبەتی مادەی (140) بكرێ‌. كاتیشی هاتووە، سوور بین لەسەر قەرەبوكردنەوەی ئەنفالكراوەكانمان و (5 هەزار) گوندی تەختكراومان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو خورماڵ و هەورامان و سیروان و سێوسێنان و گۆپتەپەو دۆڵی خۆشناوەتی و ناوچەی كۆیەو ناوچەكانی بادینان.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: دەبێ‌ ساغبكرێتەوە كە بۆچی پێگەی رەوای بەشداری نوێنەرانی كوردستان لەبەغداد، لە كابینەی ئێستادا، بە بڕیارو بەرنامە، لاوازكراوەو گەیەندراوەتە تەنها دوو وەزیر.