ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان دیاردەكات

چەند لیژنەیەك دیار دەكەن

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە بەشداری سەرجەم لایەنەكان جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ كۆدەبێتەوە و بڕیارە ئەو وڵاتانە دیاری بكات كە ئەنجوومەنەكە ریفراندۆمی لەگەڵدا تاوتوێ دەكات، ھەروەھا میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان دیاری دەكات.

پێشتر ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، ئەو لیژنانە دیار دەكرێن كە لە كۆبوونەوەی پێشتر بڕیاریان لێدراوە، ھەروەھا ئەو وڵاتانە دەست نیشان دەكرێن كە لیژنەكانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانیان دەكەن".

ئەمە لە كاتێكدایە، دوێنێ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە راگەیاندراوێكدا داوای كردووە، بەزووترین كات شاندێكی باڵای لایەنەكان سەردانی بەغدا بكات و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا، لەمیدیاكانەوە بگوازرێتەوە ناو كۆبوونەوە‌كان، بۆ داواكردنی مافەكانی گەلی كوردستان.