په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: ریفراندۆم ده‌ستوورییه‌

مه‌سعوود حه‌یده‌ر: به‌غدا له‌ دوو ئاستدا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست پێده‌كات

K24 - هه‌ولێر

ئەندام په‌رله‌مانیكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ به‌م دواییانه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراقی بینیووه‌ ده‌ڵێت "ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوورییه‌ و هیچ ماددەیەكی دەستووریی نییە رێگری لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم".

مەسعود حەیدەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، كه‌ به‌م دواییانه‌ وه‌ك لیژنه‌یه‌كی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌و پرسی ریفراندۆم و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایان له‌گه‌ڵ باسكردووه‌، له‌ لیدوانێكدا به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵوی توركیای راگه‌یاندووه‌و ده‌ڵێت "سەرۆكوەزیرانی عێراق بە رەسمی لە لێدوانەكانیدا تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە لەگەڵ پرسی ریفراندۆم نییە و هەندێكجار ئاماژە بەوە دەكات ئەم بابەتە دەستووری نییە، به‌ڵام من پێچەوانەی بۆچوونەكەی ئەوم هەیە و پێم وایە بابەتی ریفراندۆم دەستوورییە و هیچ ماددەیەكی دەستووری نییە رێگری له‌ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بكات تا ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن".

 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی گۆران به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ی گوتووه‌ "له‌و دانیشتنه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا جەخت كراوه‌ته‌ كه‌ پێویستە گفتوگۆ بكرێت و لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ لەسەر دوو ئاستی جیاواز گفتوگۆ دەست پێبكرێت، یەكیان ئاستە حكوومییەكەیەتی لە نێوان هەردوو حكوومەتدا، ئەوەی تریان لەسەر ئاستی سیاسی لە نێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق. ئەو هەنگاوەش كارێكی زۆر باشە و هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست و راست و هەرێمی كوردستان پێویستی بەم جۆرە دیالۆگانە هەیە لەگەڵ عێراقدا".