بارزانى: ریفراندۆم لەسەرووی هەموو پرس و كێشەكانی دیكه‌وه‌یه‌

ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕەوایە و لەگەڵ هیچ یەك لە پڕەنسیپە دیموكراتی و مرۆڤییەكانی سەردەم ناكۆك نییە

K24 - هه‌ولێر:

رۆژی پێنجشەممە 24ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، به‌ جیا پێشوازی لە باڵیۆزان كریڵ جییان نوون باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا و پاتریك سیمۆن باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیا لە عێراق باسی لە پشتگیریی گەل و وڵاتەكەی كرد بۆ بەهێزمانەوەی هەرێمی كوردستان و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا كاری گرنگی ئەنجام داوە و جێگەی بایەخی ئەڵمانیایە و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئەڵمانیا ئاگاداری مێژووی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانە.

هه‌روه‌ها نیگەرانییەكانی وڵاتەكەیشی لەبارەی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەڵمانیا دەیەوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و ئەو هاوكارییانەی بە كاریگەر وەسف كرد.

لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوە بڕیاری كەسێك یان لایەنێك نییە بەڵكو ماف و بڕیاری تاك تاكی هاووڵاتیانی كوردستانە و نابێ خەڵكی كوردستان لەو مافە بێ بەش بكرێت و ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەیشی باس كرد كە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیەكمان تاقی كردووەتەوە بەڵام شەراكەت سەری نەگرتووە و ئەوە حكوومەتی عێراقی بووە كە هیچ كات شەراكەتی نەویستووە و گەلی ئێمەیش ناتوانێ دوای ئەو هەموو قوربانیدانە پاشكۆیی قبووڵ بكات و ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگدا لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لەسەر دیاریكردنی ئاییندەی پەیوەندییەكان و پرسی ڕیفراندۆم.

له‌ دیداره‌كه‌ی نێوان بارزانی و باڵیۆزی نوێی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ عێراق، پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و پرسی ڕیفراندۆم خرایە بەر باس و گفتگۆ و باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند كە هاوسۆزە لەگەڵ ماف و داواكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا پاڵپشتیكردنە لە بەردەوامبوونی دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و باسیشی لە كۆمەڵێك بۆچوون كرد لەمەڕ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم و پشتیوانیی یەكێتیی ئەوروپایشی دەربڕی لە هەر ڕێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێم و بەغدا بێتە ئاراوە و ڕایشیگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەی پێشكەشكردنی ئاسانكارییە لەو بارەیەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەوە پەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕیفراندۆم پرسێكە لەسەرووی هەموو پرس و كێشەی تر.

هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەزموونی بێهەژمار و پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و دەستوور گەلی كوردستان لەگەڵ بەغدادا گەییشتووەتە بنبەست و نائومێد بووە و بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕەوایە و لەگەڵ هیچ یەك لە پڕەنسیپە دیموكراتی و مرۆڤییەكانی سەردەم ناكۆك نییە و جەختیشی لە یەكلاییبوونی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ـی 9ـی 2017 كردەوە.