سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ئامۆژگاری په‌نابه‌ران ده‌كات
ده‌ڵێت: به‌م شێوه‌یه وه‌رنه كه‌نه‌دا
K24 - هه‌ولێر:
جه‌ستن ترودۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا، ئامۆژگاری ئه‌و په‌نابه‌رانه ده‌كات، كه نیازییان هه‌یه بچنه كه‌نه‌دا و ده‌ڵێت: "له رێگه‌ی خاڵه سنوورییه فه‌رمییه‌كانه‌وه وه‌رنه ناو كه‌نه‌دا".
دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حكوومه‌ت له كه‌نه‌دا، سه‌باره‌ت به زیادبوونی داواكردنی مافی په‌نابه‌رێتی له‌و وڵاته، ترودۆ گوتی: "هیچ سوودێكتان پێنه‌ده‌گه‌یشت ئه‌گه‌ر رێگه نادرووستهكهتان بگرتبایه به‌ر، پێویسته په‌یڕه‌وی رێساكان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بێنه ناو كه‌نه‌دا".
له سه‌ره‌تای مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵه‌وه، نزیكه‌ی 6 هه‌زار كه‌س له رێگه‌ی سنووره‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌داوه، خۆیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌و وڵاته، به‌بێ ئه‌وه‌ی به خاڵه سنوورییه فه‌رمییه‌كاندا رهتبن.
ترودۆ له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌نه‌دی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌یه، به‌ڵام كاری له پێشینه‌ی ئه‌وان پاراستنی هاووڵاتییانی كه‌نه‌دییه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی فیدرالی كه‌نه‌دا، ده‌ستگیركردنی زیاتر له 3800 كه‌سیان راگه‌یاند، كه له بنه‌ڕه‌تدا هایتین و له رێگه‌ی نایاساییه‌وه هاتوونه‌ته ناوچه‌ی كیبیكی كه‌نه‌دا، كه له ماوه‌ی مانگه‌كانی حوزه‌یران و ته‌ممووز خۆیان گه‌یاندووه‌ته ئه‌و وڵاته.
به‌رپرسێكی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌نه‌دا، رایگه‌یاند، ئه‌و ژمارانه بێ پێشینه‌ن و پێشتر به‌و شێوه‌یه نه‌بووه، راشیگه‌یاند به جددی كار له‌سه‌ر راگرتنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه به نایاسایی ده‌چنه كه‌نه‌دا.