ئەو یاریزانانەی دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان چارەنووسیان یەکلا دەکاتەوە

مباپێ، کۆتینهۆ و سانچێز چاوەرێی دوایین رۆژی گواستنەوەی یاریزانان دەکەن

K24- هەولێر

کەمتر لە 30 کاتژمێر ماوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دابخرێت، بەڵام هێشتا چەند یاریزانێک چارەنووسیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان نادیارە و چاوەڕێ دەکرێت لە دوا ساتەکاندا چارەنووسیان یەکلا بێتەوە.

کیلیان مباپێ

لە دەستپێکی ئەم هاوینەوە چەندان یانە لەسەر هێڵ بوون بۆ گواستنەوەی، بەڵام یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دیاترین ئەو یانانە بوون کە گرنگیان بە تواناکانی مباپێ دەدا.

مانچێستەر سیتی پاشەکشەی کردووە، بە گوێرەی سەرچاوەی میدیا ئیسپانییەکان و فڕەنسییەکان مباپێ نزیکە بەرامبەر 180 ملیۆن یۆرۆ رووبکاتە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، بەڵام هێشتا بابەتەکە یەکلا نەبووەتەوە و چاوەریێ دوایین ساتەکانی بازاڕەکە دەکرێت.

کیلیان مباپێ، هێرشبەری لاوی مۆناکۆی فڕەنسی
کیلیان مباپێ، هێرشبەری لاوی مۆناکۆی فڕەنسی

ئالێکسس سانچێز

هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسێناڵ کۆتایی دێت و ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان گرنگی بە تواناکانی دەدەن، بەڵام پاریس سانجێرمان رووی لە مباپێ کرد و مان سیتی نزیکترین یانەیە لەم هێرشبەرە چیلییە.

مانچێستەر سیتی ئۆفەری یەکەمی بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند لەلایەن ئارسێناڵەوە رەتکرایەوە، بۆیە تاکو دوایین ساتەکان سانچێز چارەنووسی یەکلا نابێتەوە

ئالێکسس سانچێز، هێرشبەری ئارسێناڵی ئینگلیزی
ئالێکسس سانچێز، هێرشبەری ئارسێناڵی ئینگلیزی

فیلیپ کۆتینهۆ

لە سەرەتای ئەم هاوینەوە دەنگۆی زۆر لەبارەی چوونی کۆتینهۆ بۆ بارسێلۆنا دەکرێت، بەڵام تاکو ئێستا چارەنووسی یەکلا نەبووەتەوە.

کۆتینهۆ لەم وەرزە تاکو ئێستا بەبیانووی پێکانەوە بەشداریی هیچ یارییەکی فەرمی لیڤەرپوولی نەکردووە، کەچی بەشداریی دوایین راهێنانەکانی هەڵبژاردەی بڕازیل کرد و دەرکەوت بە یاریی نەکردنی لەگەڵ لیڤەرپوول پێداگیری دەکات لەسەر رۆیشتنی بۆ بارسێلۆنا.

بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، بارسێلۆنا ئامادەیە بە 160 ملیۆن یۆرۆ کۆتینهۆ بباتە ریزەکانی.

فیلیپ کۆتینهۆ، هێرشبەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی
فیلیپ کۆتینهۆ، هێرشبەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی

دیێگۆ کۆستا

دیێگۆ کۆستا لەلایەن ئەنتۆنیۆ کۆنتییەوە ئاگادارکراوەتەوە چیدیکە بەشێک نابێت لە پلانەکانی بەڕێوەبەری هونەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، کەچی تاکو ئێستا پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی دیکە نەکردووە.

کۆستا ئێستا لە بڕازیلە و ئامادە نییە بگەڕێتەوە لەندەن و سوورە لەسەر ئەوەی بگەڕێتەوە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، بەڵام هێشتا چێڵسی و ئاتلێتیکۆ مەدرید نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چاوەڕێی دوایین ساتەکان دەکرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی کۆستا یەکلا بێتەوە، کە جگە لە ئاتلێتیکۆ، ئەیسی میلانیش گرنگی بە تواناکانی کۆستا دەدات.

دیێگۆ کۆستا، هێرشبەری چێڵسی ئینگلیزی
دیێگۆ کۆستا، هێرشبەری چێڵسی ئینگلیزی

ئۆکسلەید چامبێرلەین

هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی چامبێرلەین لەگەڵ ئارسێناڵ کۆتایی دێت و چامبۆ پێداگیری لەسەر رۆیشتنی لە ریزەکانی گەنەرز دەکات، یانەکانی چێڵسی و لیڤەرپوول گرنگی بە تواناکانی یاریزانە ئینگلیزییەکە دەدات.

ئارسێناڵ و چێڵسی لە رێککەوتن نزیکبوون، بەڵام چامبێرلەین رەتیکردەوە پەیوەندی بە ریزەکانی چێڵسییەوە بکات و ئارەزوو دەکات بچێتە لیڤەرپوول، بەڵام هێشتا لیڤەرپوول و ئارسێناڵ لەسەر هیچ گرێبەستێک رێکنەکەوتوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان چامبۆ بڕیاری داوە ئەگەر پرۆسەی چوونی بۆ لیڤەرپوول سەرنەگرێت، ئەوا هەر لە ئارسێناڵ بمێنێتەوە، هۆکاری رۆیشتنی چامبۆش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ناوەڕاستکارەی گەنەرز دەیەوێت لە هێڵی ناوەڕاست دەرفەتی زیاتری پێبدرێت.

ئۆکسڵەید چامبێرلەین، ناوەڕاستکاری ئارسێناڵی ئینگلیزی
ئۆکسڵەید چامبێرلەین، ناوەڕاستکاری ئارسێناڵی ئینگلیزی