سێرجی ئۆریێ بەفەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی تۆتێنهام کرد

دەبێتە سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی هۆتسپێرس

K24- هەولێر

یانەی تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی بەفەرمی گواستنەوەی سێرجی ئۆریێی بۆ ریزەکانی بۆ ماوەی پێنج وەرز راگەیاند.

دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پشکنینە پزیشکییەکانی ئەنجام دا، تۆتێنهام هۆتسپێرس لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بەفەرمی گواستنەوەی سێرجی ئۆریێی 24 ساڵانی لە پاریس سانجێرمانی فڕەنسییەوە بەرامبەر 23 ملیۆن پاوەند راگەیاند و ئۆریێ دەبێتە سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی تۆتێنهام.

ئۆریێ لە هێڵی بەرگری لەلای راست یاریی دەکات و شوێنی کایل وۆڵکەر دەگرێتەوە، کە لەم هاوینە چووە مانچێستەر سیتی. ئۆریێ دوای خوان فۆیت و داڤینسۆن سانچێز دەبێتە سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی هۆتسپێرس.