ئەمشەو گواستنەوەی کۆتینهۆ بۆ بارسێلۆنا یەکلا دەبێتەوە؟
K24- هەولێر
گەرچی چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە بەریتانیا دابخرێت، کەچی هێشتا چارەنووسی فیلیپ کۆتینهۆ یەکلا نەبووەتەوە و نازانرێت لە لیڤەرپوول دەمێنێتەوە یانیش دەچێتە بارسێلۆنا.
رۆژنامەکانی دەیلی ئێکسپرێس و زە سەنی بەریتانی ئاشکرایانکردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 19:00 تاکو 20:00 گرێبەستی کۆتینهۆ رادەگەیەنرێت، کە ئەمشەو کاتژمێر 01:00 بە کاتی هەولێر (11:00 بە کاتی لەندەن) دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە بەریتانیا دادەخرێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیش ئاشکرایکردووە بارسێلۆنا لەگەڵ لیڤەرپوول رێککەوتووە، کۆتینهۆ بەرامبەر 160 ملیۆن یۆرۆ روودەکاتە ریزەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی، کە لە سەرەتای ئەم هاوینەوە بلاوگرانا داوای یاریزانە بڕازیلییەکە دەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، کۆتینهۆ دوای کۆتایی هاتنی یاریی هەڵبژاردەکەی لە بەرامبەر ئیکوادۆر کە کاتژمێر 03:45 بە کاتی هەولێر بەڕێوە دەچێت، کۆتینهۆ بۆیەکەمجار قسە بۆ میدیاکان دەکات و چارەنووسی خۆی ئاشکرا دەکات.
