بارسێلۆنا هاوینێکی رەش و ناخۆشی بەڕێکرد

بەرپرسانی بارسێلۆنا بەڵێنەکانیان نەبردە سەر

k24- هەولێر

بێ ئەوەی بارسێلۆنا تەواوی پێداویستییەکانی بکڕێت، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا داخرا.
لەم هاوینە زۆرترین دەنگۆکان لەبارەی چوونی یاریزانەکان بوو بۆ بارسێلۆنا، بەڵام لەکۆتاییدا بارسێلۆنا لە گواستنەوەی زۆربەیان شکستیهێنا.
فیلیپ کۆتینهۆ دیاترترین و زەقترین شکستی بەرپرسانی بارسێلۆنا بوو لەم هاوینە، بەرپرسانی بلاوگرانا بەڵێنیاندابوو لەم هەفتەیە کۆتینهۆ بكرن، بەڵام دەرگای بازاڕەکە داخرا بێ ئەوەی بتوانن کۆتینهۆ بگوازنەوە کامپ نوو، هەربۆیە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممە بە مانشێتێکی گەورە لەبارەی شکستەکەی بارساوە نووسیویەتی 'کۆتی_نۆ'.

رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ
رووپەری ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ

جگە لە کۆتینهۆ، بارسێلۆنا لە دوایین دوو رۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەوڵی بۆ کڕینی ئانخێل دی ماریا و تۆماس لیماریش دەدا، بەڵام لە کڕینی ئەو یاریزانانەش شکستیهێنا، لە کاتێکدا بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە بەڵێنیاندابوو لە دوایین یاریزانێک یان دوو یاریزانی نوێ بگوازنەوە یانەکەیان.
رۆژنامەی سپۆرت وەکو ئاماژەیەک بۆ شکستی بارسا لە بازاڕەکە لە مانشێتی ئەمڕۆ شەممەیدا نووسیویەتی 'هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکرا، نە یەک نە دوو'.
بارسێلۆنا لە دوایین رۆژی گواستنەوەی یاریزانان لەبری کڕینی یاریزان، یاریزانی لەدەست دا، مونیر حەدادی بە خواستن پەیوەندی بە ریزەکانی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس کرد و بووە پێنجەم یاریزان دوای جێرێمی ماتیۆ، دۆگلاس پێرێرا، سامپەر و نێیمارکامپ نوو بەجێبهێڵێت.
گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی بارسا بریتی بوون لە عوسمان دێمبیلی، پاولینهۆ، نێلسۆن سێمیدۆ و جیرارد دیلۆفیۆ، بەڵام هاندەرانی یانەکە بەم گرێبەستانە رازی نین و ئەم هاوینە بە خراپترین و یەکێک لە رەشترین ساتەکانی مێژووی یانەکەیان هەژمار دەکەن.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرت