یەكێتی ھەوڵێكی دیكە لەگەڵ گۆڕان دەدات
سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئەم پرسانە كۆدەبنەوە
K24 - سلێمانی
بڕیارە ئەمڕۆ سەركردایەتی ھابەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان، لە سلێمانی كۆببنەوە.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە.
گوتیشی، بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندی یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆ لەبارەی پرسی ریفراندۆم، کاراکردنەوەی پەرلەمان و رێککەوتنی نێوانیان دەکەن.
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستیپێكرد و ھێشتا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداریكردن لەو پڕۆسەیە خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە و داوای دواخستنی دەكەن.
دوێنێ دووشەممە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بۆ تاووتوێکردنی پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و جارێكی دیكە داوای دواخستنی ریفراندۆمیان كرد.