فیفا بڕیاری دا یاریی ساڵێک لەمەوبەر دووبارە بکرێتەوە

دوای ساڵێک باشووری ئەفریکا و سەنیگال جارێکی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە

K24- هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاری دا یاریی نێوان باشووری ئەفریکا و سەنیگال بەهۆی یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکەوە لە پاڵاوتنەکانی ئەفریکا بۆ مۆندیالی 2018 دووبارە بکرێتەوە.
دوای ئەوەی دادگەی وەرزشی جیهانی ناسراو بە کاس بڕیاری دا جۆزێف لامپتی، ناوبژیوانی یاریی نێوان باشووری ئەفریکا و سەنیگال کە لە یارییەکە لێدانێکی سزای سەیروسەمەرەی بۆ باشووری ئەفریکا هەژمارکرد، بۆ هەتاهەتایە لە سەرجەم چاڵاکییە وەرزشییەکان سڕ بکات، ئەمجارەیان فیفاش هاتە سەر هێڵ بڕیاری دا ئەو یارییە دووبارە بکرێتەوە، کە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بەڕێوەچوو و تیایدا باشووری ئەفریکا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
فیفا بڕیاری دا مانگی نۆڤێمبەر، واتە ساڵێک دوای ئەنجامدرانی یارییەکە، یاریی نێوان باشووری ئەفریکا و سەنیگال جارێکی دیکە بکرێتەوە.