رافایل نادال گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی ئەمریکای کراوە
لە فایناڵ رووبەڕووی پابلۆ کارینۆ دەبێتەوە
K24- هەولێر
یارییەکانی تاکی پیاوان لە پاڵەوانێتی تێنسی ئەمریکای کراوە گەیشتە کۆتایی و رافایل نادالی پۆڵێنکراوی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.
نادال لە قۆناخی پێشکۆتایی فلاشینگ میدۆزدا تۆڵەی هەشت ساڵ لەمەوبەری لە خوان مارتن دێل پۆترۆی پۆڵێنکراوی بیست و چوارەمینی پاڵەوانێتییەکە کردەوە، دوای ئەوەی لەسەر ئەستۆی ئەم تێنسزانە ئارجێنتینییە خۆی گەیاندە فاینال.
گەرچی دێل پۆترۆ سێتی یەکەمی بە ئەنجامی چوار شەش بردەوە و زەنگێکی مەترسیداری بۆ نادال لێدا، بەڵام رافا کاردانەوەی بەهێز و تووند بوو سێتی دووەمی بە ئەنجامی شەش سفر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و دەرفەتی دێل پۆترۆی نەدا دەستی خۆی بکاتەوە.
نادال دوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە باڵادەستی خۆی بەسەر رکابەرەکەی نواند و سێتی سێیەمی یارییەکەشی بە ئەنجامی شەش دوو بردەوە،لەوکاتەی دێل پۆرتۆ کە رۆجێر فێدرێری لەم پاڵەوانێتییە کردبە دەرەوە، هەوڵی دەدا باری خۆی راست بکاتەوە، نادال سێتی چوارەمی یارییەکەشی بە ئەنجامی شەش سێ بردەوە و خۆی گەیاندە فایناڵ و هێشتا هیوای بۆ بەدەستهێنانی سێیەمین نازناوی ئەمریکای کراوە و شازدەمین نازناوی گراند سلام لەدەست نەداوە.

لە یاریی کۆتایی رافایل نادال رووبەڕووی کێڤن ئاندێرسۆنی پۆلێنکراوی بیست و هەشتەمینی پاڵەوانێتییەکە دەبێتەوە، دوای ئەوەی ئەم تێنسزانەی باشووری ئەفریکاش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەسەر ئەستۆی پابلۆ کارینۆ بوستا خۆی گەیاندە فایناڵ.
کێڤن ئاندێرسۆن کە درێژی باڵای دوو مەتر و سێ سانتیمە، سێتی یەکەمی بە ئەنجامی چوار شەش دۆڕاند، بەڵام دواتر یارییەکەی کۆنتڕۆڵ کرد و سێتی دووەمی بە ئەنجامی حەوت پێنج بردەوە و ئەنجامی یارییەکەی یەکسان کردەوە.
ئاندێرسۆن کە لە ریزبەندی سی و چوارەمینی جیهان دێت، سێتی سێیەم و چوارمیشی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و هەردوو سێتی بە ئەنجامی شەش سێ و شەش چوار بردەوە و بۆیەکەمجار لە کوارانی وەرزشی خۆیدا خۆی گەیاندە فایناڵی پاڵەوانێتییەکی گراند سلام.