ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدا میوانداریی لیڤانتی دەکات
بەبێ پۆلێک ئەستێرەی یارییەکە ئەنجام دەدات
k24- هەولێر
ئەمڕۆ ریال مەدرید کاتژمێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ بەبێ پۆلێک ئەستێرەی یانەکەی لە گەری سێیەمی لالیگا میونداریی لیڤانتی دەکات.
زینەدین زیدان بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ جگە لەوەی بەهۆی سزدرانەوە ناتوانێت سوود لە تواناکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەربگرێت و رافایل ڤارانیش بەهۆی پێکانەوە ئامادەی یارییەکە نابێت، پشووی بە هەریەکە لە لۆکا مۆدریچ و کەیلۆر ناڤاسیش داوە و چاوەڕێ
دەکرێت کیکۆ کاسیا دوای 160 رۆژ جارێکی دیکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکاتەوە و شوێنی ناڤاس پڕ بکاتەوە.
ریال مەدرید وەرزی رابردوو 19 یاری بەبێ مۆدریچ ئەنجام دا، بەڵام هیچ یارییەکی بێ ناوەڕاستکارە کڕواتییەکە نەدۆڕاند و 13 بردنەوە و 6 بەرامبەربوونی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی میدیا ئیسپانییەکان، تیۆ هێرناندێز دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی ریال مەدرید ئەمڕۆ یەکەم یاری بە شێوەی سەرەکی لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجام دەدات و زیزۆ بۆیەکەمجار لەم وەرزەدا پشوو بە مارسیلۆ دەدات.
ریال مەدرید بەهۆی ئەوەی لە ماوەی 23 رۆژی داهاتوودا 7 یاری ئەنجام دەدات، زیدان بڕیاری داوە سیستەمی بەنۆرە لە نێوان یاریزانەکانی پەیڕەو بکات ، کە رۆژی چوارشەممە لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ میوانداریی ئەپۆیل نیقۆسیای قوبرسی دەکات.
