مارکۆ ئەسینسیۆ: لەدوای مێسی قاچی چەپی من باشترینە لە جیهاندا

ئەسینسیۆ: دوای هەموو راهێنانێک راهێنان لەسەر شووتکردن دەکەم

K24- هەولێر

مارکۆ ئەسێنسیۆی یاریزانی ئیسپانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی دەڵێت 'یەکەم مووچەم هەزار یۆرۆ بوو وەکو یاریزان وەریبگرم'، ئەو یاریزانە ئیسپانییەش بۆیەکەمجار قسەیەکی زیدانی راهێنەری ئاشکرا دەکات.

ئەسینسیۆ لە دیمانەیەکی لەگەڵ رادیۆی (کادێنا کۆپ)ی ئیسپانی لەبارەی سەردەمی منداڵی خۆی دەڵێت 'من لە تەمەنی سێ ساڵییەوە دەستم بە یاریکردن کرد، کاتێک تەمەنم 9 ساڵان بوو ئیسپانیۆل زۆر هەوڵی دا من بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام من بڕیارمدا هەر لە ریال مایۆرکا بمێنمەوە، هەروەها بارسێلۆناش گرنگی بە من دەدا، بەڵام لەکۆتایی خەونەکەم هاتەدی و بوومە یاریزانی ریال مەدرید، ئامادەش نیم بچمە بارسێلۆنا یان پاریس سانجێرمان، دەمەوێت هەر لێرە بمێنمەوە'.

یاریزانە لاوەکەی مێرێنگی بۆیەکەمجار قسەیەکی زیدانی راهێنەری ئاشکرا دەکات کە هەمیشە زیزۆ پاڵپشتی دەکات و دەڵێت 'پێش دەستپێکردنی وەرزی رابردوو زیدان داوای لێکردم لە ریال مەدرید بەردەوام بم و پێی گوتم لەدوای مێسی قاچی چەپی تۆ باشترینە لە جیهاندا'. هەروەها ئەسینسیۆ ناسناوی خۆیشی ئاشکرا دەکات و دەڵێت 'سێرخیۆ رامۆس هەمیشە لە ژووری جلگۆڕین پێمدەڵێت چێنشیۆ کە بە مانای شەڕەگاکەری ئیسپانی دێت و وایلێهاتووە یاریزانەکانی دیکەش بەهەمان ناو بانگم دەکەن'.

ئەسینسیۆ ئەو گۆڵەی لە بەرامبەر سێڤییا لە جامی سووپەری تۆماریکرد و ئەو دوو گۆڵەشی لە کامپ نوو لە بارسێلۆنای کرد بە گرنگترین گۆڵەکانی خۆی دەزانێت و لەبارەی باشترین یاریزان دەڵێت 'قاچی چەپی من و قاچی راستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سەری سێرخیۆ رامۆس یاریزانێکی نایابی لێ درووست دەبێت'.

یاریزانەکەی ریال مەدرید لە دیمانەکەی ئاشکراشی دەکات، ڤان نیستەلرۆی داوای لێکردووە یاریی بۆ هەڵبژاردەی هۆڵەندا بکات، بەڵام ئەو هەڵبژاردەی ئیسپانیای هەڵبژاردووە و لە بڕیارەکەشی پەشیمان نییە.