سێکوچکەی MCN هەموو یارییەک گۆڵ دەکات

مباپێ، نێیمار و کاڤانی لە پاریس سانجێرمان بوونەتە مەکینەی گۆڵکردن

K24- هەولێر

ئەو سێکوچکەیەی پاریس سانجێرمان نزیکەی نیو میلیار یۆرۆی لە پێناوی درووستکردنی خەرجکردووە، لە دەستپێکەوە خەریکە شازادەکانی پاریس دەگەیەننە لوتکە و یانە فڕەنسییەکە دەبەنە قۆناخێکی دیکە و تاکو ئێستا 16 گۆڵیان بۆ یانەکەیان کردووە.
هەینی رابردوو سێکوچکەی MCN یەکەم یارییان بەیەکەوە بە درێسی پاریس سانجێرمان ئەنجام دا و لە یەکەم یاریدا هەر سێ یاریزانەکە گۆڵیان بە درێسی پی ئێس جی تۆمارکرد.
کیلیان مباپێ کە بە 180 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانە پاریسییەکە دەکەوێت، لە یەکەم یاریی خۆی بە درێسی یانەکەی پایتەختی فڕەنسا گۆڵی کرد و شەوی سێشەممەش لە یەکەم یاریی خۆی بە درێسی پی ئێس جی هێرشبەرە 18 ساڵانەکە جارێکی دیکە گۆڵی کرد و بووە یەکەم یاریزانی لاو لەگەڵ دوو یانەی جیاواز لە چامپیۆنزلیگ گۆڵ بکات.
نێیمار داسێلڤاش کە لەم هاوینە بە 222 ملیۆن یۆرۆ بووە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، لەوەتەی پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان کردووە، لە هەموو یارییەک دڵی هاندەرانی یانەکەی خۆشکردووە و گۆڵی کردووە، تەنانەت لەکۆی ئەو پێنج یارییەی تاکو ئێستا بۆ پاریس سانجێرمانی کردووە، پێنج گۆڵی کردووە و پێنج گۆڵیشی بۆ هاوڕێیەکانی دروستکردووە.
ئێدینسۆن کاڤانیش کە لەوەتەی هاوینی 2013وە بەرامبەر 64 ملیۆن یۆرۆ و نیو پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کردووە، لەوەتەی نێیمار و مباپێ بوونەتە هاویانەی رێژەی گۆڵکردنی بەرزبووەتەوە و لەم وەرزە لە 7 یاری 9 گۆڵی کردووە و دوو گۆڵی دروستکردووە و بە 7 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکاری خولی فڕەنسی گرتووە.
دوای ئەنجامدانی دوو یاری، رۆژی یەکشەممە سێکوچکەی ئێم سی ئێن بەرامبەر لیۆن سێیەم یاریی بەیەکەوە ئەنجام دەدەن.

سێکوچکەی MCN لە پاریس سانجێرمان
سێکوچکەی MCN لە پاریس سانجێرمان