مانوێل نۆیەر بەهۆی پێکانەوە چەند مانگێک لە یاریکردن دادەبڕێت
لەوانەیە پێویست بکات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت
K24- هەولێر
مانوێل نۆیەر بەهۆی پێکانەوە لە بایرن میونشن دادەبڕێت و ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری بکات، لەوانەیە چەند مانگێک لە یاریکردن بێبەش بێت.
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، مانوێل نۆیەر بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی لە قاچی چەپی راهێنانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی بایرن میونشنی بەجێهێشتووە و ئەو گۆڵپارێزە 31 ساڵانە لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتییەوە لە یاریی سبەی بەرامبەر شاڵکێ لە بۆندزلیگا دوورخراوەتەوە و ناتوانێت بەشداریی یارییەکە بکات.
ئەگەر دەربکەوێت پێکانەکەی نۆیەر هەمان پێکانەکەی پێشوویەتی کە نزیکەی 133 رۆژ لە یاریکردن دووری خستەوە، ئەوا پێویست دەکات جارێکی دیکە نەشتەرگەریی ئەنجام بدات و چەند مانگێک لە یاریکردن دوور دەکەوێتەوە.
جگە لە نۆیەر، سبەی بایرن میونشن بەرامبەر شاڵکێ ناتوانێت سوود لە تواناکانی ئاریێن رۆبن، خوان بێرنات، جیرۆم بواتینگ و داڤید ئالابا وەربگرێت. کە وابڕیارە کاتژمێر 21:30 لە بۆندزلیگا بەیەک بگەن.