سەری نێیمار و کاڤانی بەیەکەوە لە مەنجەڵی پاریس سانجێرمان ناکوڵێت
کاڤانی پاس ناداتە نێیمار و نیمۆش لە ئینستاگرام ئەنفۆلۆوی کردووە
K24- هەولێر
خەریکە دوو سەرەکەی ئێدینسۆن کاڤانی و نێیمار داسێلڤا لە مەنجەڵی پاریس سانجێرمان بەیەکەوە نەکوڵێن و رۆژ دوای رۆژ کێشە و دەمەقاڵێیەکانی ئەو دوو ئەستێرەیە روو لە زیاد بوون دەکات.
گەرچی پێشتر بەرامبەر سانت ئیتیان و سێلتیک نێیمار هەوڵی دا لێدانی سزا جێبەجێ بکات، بەڵام لە هەردوو یارییدا کاڤانی زووتر دەستپێشخەریی کرد و لە هەردوو یاریدا لێدانی سزای لێدا و نەیهێشت نیمۆ جێبەجێیان بکات، لە یاریی بەرامبەر لیۆن ململانێی ئەم دوو ئەستێرەیەی ئەمریکای لاتین گەیشتە لوتکە، کاتێک دوو جار لەسەر جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ و لێدانی سزا بووە دەمەقاڵێیان و بووە هۆی ئەوەی کاڤانی لێدانی سزا لەدەست بدات.
گەرچی دوای یارییەکەی لیۆن کاڤانی رەتیکردەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نێیمار هەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی یارییەکە کاڤانی لەو یارییە 21 جار پێی بە تۆپ کەوتووە و هیچ پاسێکی بە نێیمار نەداوە، نیمۆش تەنیا دوو جار پاسی بە کاڤانی داوە و چەند کاتژمێرێک دوای یارییەکەی لیۆن نێیمار لە ئینستاگرام کاڤانی ئەنفۆلۆو کردووە و وێنەکانی هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکەی لە پرۆفایلی خۆی سڕیوەتەوە.
کاڤانی لەم وەرزە بە تەنیا ئەو چوار لێدانە سزایەی جێبەجێکردووە کە بۆ پاریس سانجێرمان هەژمارکراون و سێ گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بێزاری نیمار و ئەم هێرشبەرە بڕازیلییە دەیەوێت وەکو ئەستێرەی یەکەمی پی ئێس جی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ململانێیەکانی کاڤانی و نێیمار وایکرد، ئۆنای ئێمری بێتە سەر هێڵ و ئەم راهێنەرە ئیسپانییە داوا دەکات هەردوو یاریزانەکە لە نێوان خۆیاندا رێکبکەون و ئێمری هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر رێکنەکەون بە نۆرە لێدانی راستەوخۆ و لێدانی سزایان لە نێوان دابەش
دەکات.
.png)