بە زەماوەندی ئاڵا پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەكەن
لە 25 ئەیلوول زەماوەند ساز دەكەن
K24 - ھەولێر
ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان بە راگەیاندنی كەمپەینێك بە ناوی (زەماوەندی ئاڵا) خۆیان بۆ رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئامادە دەكەن.
یەكێك لە بەڕێوبەرانی ئەو كەمپەینە بە كوردستان24 راگەیاند، بڕیارە رۆژی دووشەممە 25 ئەیلوول، لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم و سەركەوتنی سەربەوخۆیی كوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان زەماوەندی ئاڵا بەڕێوەبچێت، ئامانجیشیان گەیاندنی پشتیوانیی و یەكدەنگی گەلی كورد لە پارچەكەكانی دیكەی كوردستانە بۆ دامەزرادنی دەوڵەتی كوردستان.
ئەو كەمپەینە بە دەستپێشخەری ئەندامانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان رێكخراوە و بڕیارە ئەمڕۆش ئەندامان و لایەنگرانی حدكا لە كەرنەڤاڵێكی جەماوەریدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دووپات بكەنەوە.