مه‌سروور بارزانی: گەلی كوردستان تەنها مافێكی دیموكراسیانەی خۆی پیادە دەكات

كاتی ریفراندۆم هیچ كاریگەریێكی نەرێنی بەسەر بارودۆخی ناوچەكە نابێت

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەدیم زەهاوی پەرلەمانتاری كوردی بەریتانیا كرد  و لە دیدارێكدا بیروڕا لەبارەی دوا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییە‌كان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئالوگۆڕكرا، كە بڕیارە رۆژی دووشەمە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رایگەیاند، گەلی كوردستان تەنها مافێكی دیموكراسیانەی خۆی پیادە دەكات، كاتەكەش هیچ كاریگەریێكی نەرێنی بەسەر بارودۆخی ناوچەكە نابێت، بەڵكو دەبێتە فاكتەرێكی سەقامگیری.

هەروەها جەختی لەگرنگی و بایەخی گفتوگۆ لە دوای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا كردەوە بۆ رێككەوتن لەسەر پرسە هاوبەشەكان و دانانی میكانیزمی دوو دراوسێی باشی یەكدی.

نەدیم زەهاوی، په‌رله‌مانتاری به‌ریتانیا له‌ پارتی پارێزگاران، دووپاتی لە رەوایی داخوازییەكانی گەلی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، پەیامی من بۆ هەموو گەلی كورد، ئەوەیە، كە پێویستە یەكگرتوو بن، چونكە تاكە رێگەی سەركەوتنی كوردستان لەیەكگرتوویی دایە.