كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى په‌یامێك ئاراسته‌ى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كات
"مێژووی خه‌باتی كوردایه‌تی قه‌بووڵی ئه‌وه ناكات، دژی خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌له‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، په‌یامێك ئاراسته‌ی گه‌لی كوردستان ده‌كات و داوا ده‌كات، به كه‌رنه‌ڤاڵێكى ئاشتیانه بچنه سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و به‌شدارى بكه‌ن له پرۆسه‌ى ریفراندۆم و دیاریكردنى چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مان.
هاوكات دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، مێژووی خه‌باتی كوردایه‌تی قه‌بووڵی ئه‌وه ناكات، دژی خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌له‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی:
به‌ناوى خواى گه‌وره‌و میهره‌بان
جه‌ماوه‌رى خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان
پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان
كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان
زیندانیانى سیاسی و كه‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر
ریفراندۆم و مافی چاره‌ى خۆنووسین مافێكى ره‌واو هه‌قی گه‌لى كوردستانه‌و به‌درێژایی مێژووى سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان، گه‌لى كورد خه‌باتى كردووه بۆ ئه‌م پرسه چاره‌نووسسازه‌و به‌سه‌دان و هه‌زاران رۆڵه‌ى قاره‌مانى ئه‌م نیشتمانه خوێنى خۆیان به‌خشیوه له‌پێناو هه‌ڵكێشانى هه‌ناسه‌ى ئازادى و ژیانێكى خۆشگوزه‌ران.
ئه‌مڕۆ كه ده‌رفه‌تێكى گونجاو و له‌بار هاتۆته‌پێش بۆ گه‌لى كورد و میلله‌ته‌كه‌مان بڕیاریداوه له 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ دیاریكردنى چاره‌نووسی خۆی ئه‌نجام بدات، ئه‌ركێكى ئه‌خلاقی و نیشتمانى و ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزى و وه‌فایه به‌رامبه‌ر خوێنى شه‌هیده‌كانمان، كه هه‌موومان به كه‌رنه‌ڤاڵێكى ئاشتیانه بڕۆینه سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و به‌شدارى بكه‌ین له پرۆسه‌ى ریفراندۆم و دیاریكردنى چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مان، بۆیه داواكارم هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان به‌بێ جیاوازى حزبی، ئایینى، نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی به‌شدارى بكه‌ن له‌م پرۆسه چاره‌نووسسازه‌دا.
كوردستانیانى خۆشه‌ویست...
مێژوو و خه‌باتى چه‌ند ساڵه‌ى كوردایه‌تیمان ئه‌وه‌مان لێ قبوڵ ناكا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دژی خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌له‌كه‌مان بوه‌ستینه‌وه‌و له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیشیه‌وه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان راشكاوانه، راستگۆیانه، بوێرانه‌و بێ باكانه هه‌ڵگری دروشمى "مافی چاره‌ى خۆنووسین" بووه‌و له‌و پێناوه‌شدا به هه‌زاران شه‌هیدمان داوه، ئه‌مڕۆ ئه‌ركێكى نیشتمانییه له‌سه‌رمان كه درێژه‌پێده‌رى به‌رنامه‌كه‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بین و هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی سه‌ربه‌خۆیی و مافی چاره‌ى خۆنووسین بین و به‌گڕوتینه‌وه به‌شداربین له‌م پرۆسه گرنگ و چاره‌نووسسازه.
هاونیشتمانیانى خۆشه‌ویست...
ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانى تر هه‌نگاوێكى یه‌كجار گه‌وره‌و گرنگه‌و ده‌بێ هه‌موومان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه به‌شداربین له پرۆسه‌كه، هه‌روه‌ك جه‌نابی مام جه‌لال فه‌رموویه‌تى "كلیلی چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد كه‌ركووكه‌و فه‌قه‌ت كه‌ركووكه".
كه‌واتا ئه‌ركى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یی هه‌موومانه له كه‌ركووك و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان به‌گڕوتینه‌وه بچینه سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان و كوردستانى بوونى هه‌موو ئه‌و ناوچانه بۆ جیهان بسه‌لمێنین و پێیان بڵێین وه‌ك هه‌میشه‌و به‌درێژایی مێژوو كه‌ركووك شارى ئاشتى و برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیانه‌و كه‌ركووكییه‌كانیش داینه‌مۆی خه‌بات و قوربانیدانن بۆ گه‌لى كوردستان.
دۆستان و هاوپه‌یمانان...
به سوپاسێكى زۆره، له سه‌روبه‌ندى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمدا دۆسته‌كانمان ژیرانه‌و دۆستانه هاتنه‌پێش و له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانمان بوون، بۆیه لێره‌وه پێتان راده‌گه‌یه‌نم كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانتان به‌رز ده‌نرخێنین و دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه كه وه‌ك هه‌میشه له‌سه‌ر مه‌بده‌ئی گفتوگۆ به‌رده‌وام ده‌بین و پرۆژه و پێشنیاره جددیه‌كانتان ده‌كه‌ینه بنه‌مایه‌كى راسته‌قینه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چاوه‌ڕوانیشمان لێتان هه‌یه وه‌ك هه‌میشه له كات و ساته چاره‌نووسسازه‌كاندا پشتیوانمان بن و درێژ به هاوپه‌یمانێتى و په‌یوه‌ندییه دوور و قووڵه‌كانمان بده‌ین.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى
جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتى
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان