واشنتن هەڕەشەی بڕینی چەک لە کیێڤ دەکات
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە سەربازییەکان و راگرتنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی لە ئۆکرانیا کردووە بۆ ئەوەی ناچاری بکات هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا بوەستێنێت. ئەم گوشارە چڕانە هاوکاتن لەگەڵ راگەیاندنی لەناکاوی ئاگربەستی کەرتی وزە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.
یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئەوروپی، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن و ئیدارەی ئەمریکا لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ کیێڤ و پایتەختەکانی ئەوروپا. پەیامەکەی واشنتن روون و هەڕەشەئامێز بووە، ئەگەر ئۆکرانیا کراینا دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی نەوتی رووسیا رانەگرێت، ئەمریکا پڕۆگرامی فرۆشتنی چەک میکانیزمی بۆرێل بۆ پێداویستییە لەپێشینەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ سوپای ئۆکرانیا هەڵدەپەسێرێت.
بەرپرسێکی ئەوروپی لەو بارەیەوە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "ئەمریکییەکان پەیوەندییان بە هەموو لایەکەوە لە ئەوروپا کردووە بۆ ئەوەی گەمارۆ بخەنە سەر کیێڤ و هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکانی رووسیا بوەستێنن."
ئەم فشارە سەربازییانەی کۆشکی سپی بە هاوکاتی بوو لەگەڵ راگەیەندراوێکی بەپەلەی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، کە بە فەرمی رایگەیاند: "لەم ساتەوە بە شێوەیەکی دەستبەجێ، ئاگربەستی وزە لە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردوولا لەسەری رێککەوتوون؛ هەروەها هۆشداریشی دا نەیڕوخێنن"
ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە هات رۆژی شەممە بە توندی هێرشی کردبووە سەر زێلێنسکی و تۆمەتباری کردبوو بەوەی هۆکاری گرانیی دیزڵە لە جیهاندا و بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی دەست لە پاڵاوگەکانی رووسیا ناوەشێنێت، تەنانەت گوتبووی: "کاتی ئەوە هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت."
لە بەرامبەر راگەیاندنەکەی ترەمپدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئەکسیۆس گوتی: "ئەم بڕیارە بۆ منیش هەواڵێکی تازە بوو، بەڵام ئەگەر مۆسکۆ بەڕاستی پابەند بێت، کیێڤیش رازی دەبێت و با پێمان بڵێن کەی دەستپێدەکات."
هاوکات لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News)، سەرۆکی ئۆکرانیا رووبەڕووی هێرشەکانی ترەمپ و ئیلۆن مەسک بووەوە و گوتی: "ئەوان لەبەر ئەوە گوشار دەخەنە سەر ئێمە، چونکە ناتوانن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رابگرن و هیچ کلیلێکیان بۆ راگرتنی جەنگ پێ نییە. سەبارەت بە گۆڕینی سەرۆکایەتیش، بڕیاردان لە دەسەڵاتی گەلی ئۆکرانیادایە؛ بەڵام ئەگەر ترەمپ بەڕاستی هەڵبژاردنی دەوێت، با بە پووتین بڵێت بۆ ماوەی 60 رۆژ ئاگربەستێکی گشتی رابگەیەنێت، ئێمەش هەڵبژاردن رێکدەخەین."
زێلێنسکی جەختیشی کردەوە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی پەیوەندی بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی گەرووی هورمزەوە هەیە، نەک بۆردوومانەکانی ئۆکرانیا.
پشتپەردەی ئەم هەڕەشانەی ئەمریکا بۆ سەر ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێککەوتنە نەوتییە گەورەیەی کە رۆژی هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین واژۆ کرا.
بەپێی دانپێدانانی ترەمپ و کۆشکی کرێملن، رووسیا رازی بووە ملیۆنان تۆن گازوایل رەوانەی ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان بکات (800 هەزار تۆن بە دەستبەجێ و دواتر تا 3 ملیۆن تۆن)، بە ئامانجی شکاندنی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان و جووتیارانی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول.
لەبەر ئەوەش هەر هێرشێکی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی رووسیا، راستەوخۆ دەبووە هۆی تێکدانی ئەم پلانە گەورەیەی ترەمپ و کەمیی سووتەمەنی، ئەمەش واشنتنی ناچار کرد کارتی بڕینی چەک بەڕووی هاوپەیمانە ئۆکرانییەکەیدا بەرز بکاتەوە.