گوته‌بێژی هه‌ده‌په‌ راگرتنی په‌خشی كوردستان24 له‌ توركسات سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

توركسات په‌خشی ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی كوردی راگرت

K24 - هه‌ولێر:

عوسمان بایده‌میر، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" ده‌رباره‌ی راگرتنی په‌خشی كوردستان 24 و كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ له‌ مانگی ده‌ستكردی توركسات هاته‌ ده‌نگ و به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و بریاره‌ی كرد".

گوته‌بیژی هه‌ده‌په‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌رباره‌ی ئه‌و بریاره‌ راگه‌یاند و گووتی: "سه‌ركۆنه‌ی راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان له‌ مانگی ده‌ستكردی توركسات ده‌كه‌ین".

بایده‌میر ئه‌و قسانه‌ی له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كرد كه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخی باكووری كوردستان و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سازیكردبوو، هه‌ڵوێستی پارته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و ره‌وشه‌ نوێیانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

 

پاش ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی رادیۆی و ته‌له‌ڤزیۆنی توركیا "RTTurk"، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژى 25ى ئه‌يلوولدا بڕیاریدا په‌خشی كوردستان 24، وار تی ڤی و رووداو، له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردنی توركسات رابگرێت و شه‌وی رابردوو بڕياره‌كه‌ چووه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى 25ى ئه‌يلوولدا هاتبوو: ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌كانی كوردستان 24 و وار تیڤی، مه‌ترسین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی توركیا، بۆیه‌ بڕیاری راگرتنمان دا.

راگرتنى په‌خشى كوردستان 24 له‌ مانگى ده‌ستكردى توركسات دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ كوردستان 24 ببوه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ و زانيارى بۆ هاووڵاتيانى كورد له‌و وڵاته‌ له‌ باره‌ى پرۆسه‌ى ريفراندۆمى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانه‌وه‌.

جێى ئاماژه‌يه‌، له‌ سه‌ره‌تای په‌خشی كوردستان 24ه‌وه‌، له‌ توركیا، تا ئێستا دووچاری چه‌ندین ئاسته‌نگ و كێشه‌ بووه‌ته‌وه‌ و زۆر به‌ سه‌ختی قه‌بووڵ كرا بۆ ئه‌وه‌ی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردی توركسات، ده‌ستپێبكات.

به‌شی توركی وێبسایتی كوردستان 24، یه‌كێكه‌ له‌ به‌شه‌ چالاكه‌كانی كوردستان 24، كه‌ رۆژانه‌ میدیاكانی توركیا، هه‌واڵی زانیاری لێوه‌رده‌گرن.

كوردستان 24، ئێستا چوار ئۆفیسی له‌ باكووری كوردستان و توركیادا هه‌یه‌، ئیستانبول، ئه‌نقه‌ره‌، دیاربه‌كر و وان.