بەوێنە.. ئەگوێرۆ تووشی رووداوێکی هاتوچۆی سەخت بوو
ئەگوێرۆ بەهۆی رووداوەکەوە دوو پەراسووی شکاوە
K24- هەولێر
سێرخیۆ ئەگوێرۆ لە هۆڵەندا تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بوو، خەریکبوو گیانی لەدەست بدات.
شەوی رابردوو سێرخیۆ ئەگوێرۆی هێرشبەری ئارجێنتینای یانەی مانچێستەر سیتی بۆ ئامادەبوونی لە کۆنسێرتێکی گۆرانیبێژێکی کۆڵۆمبی لە ئامستەردامی پایتەختی هۆڵەندابوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ فڕۆکەخانە تووشی رووداوێکی هاتوچۆی سەخت بوو، دوو پەراسووی شکاوە و لە مردن نزیکبووە.
بەپێی سەرچاوەکانی میدیا بەریتانییەکان، ئایرباگەکانی ئۆتۆمبێڵەکەی ئەگوێرۆی لە مردن رزگارکردووە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم رووداوە بەلایەنی کەم ئەگوێرۆ دوو مانگ لە یاریکردن داببڕێت.
یانەی مانچێستەر سیتی لەبارەی رووداوەکەی ئەگوێرۆوە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئەگوێرۆ لە نەخۆشخانەکانی ئامستەردامەوە دەگوازرێتەوە مانچێستەر و دواتر یانەکە زانیاریی لەبارەی تەندرووستی کۆن ئەگوێرۆ ئاشکرا دەکات، کە بەلایەنی کەم هێرشبەرە ئارجێنتینییەکە ناتوانێت لە یاریی بەرامبەر چێڵسی یاریی بکات، کە وابڕیارە سبەی لە پرێمەرلیگ مان سیتی ببێتە میوانی بلووز.




