نەجمەدین غوڵامی بەرهەمی نوێی "ئاوەخت"ی بڵاوکردەوە
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "ئاوەخت"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، " من لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە هەوڵم داوە ناوی کرماشان و جوانییەکانی شارەکە لە رێگەی زمان و گۆرانییەوە زیندوو بکەمەوە."
پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە هۆنراوەی شارۆی کرماشانییە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، سەعید کاری دابەشکردنی میوزیکەکەی بۆ کردووە و ڤیدیۆ کلیپەکەش بەشێکی بە زیری دەستکرد دروستکراوە و بەشەکەی دیکە لەلایەن شارۆ کرماشانی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە."
غوڵامی سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی گوتی، "من لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە هەوڵم داوە ناوی کرماشان و جوانییەکانی شارەکە لە رێگەی زمان و گۆرانییەوە زیندووبکەمەوە و جەخت لەسەر بەکارهێنانی ئەم ناوە بکەمەوە."
سەبارەت بە پەیامی سەرەکیی بەرهەمەکەی، غوڵامی دەڵێت، "پەیامی گۆرانییەکەم تەنیا بۆ ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بژی، ئەمەش لە رێگەی هۆنراوە و میوزیک و وێنەسازیی ڤیدیۆکلیپەکەوە دەردەکەوێت."
نەجمەدین غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر رۆژێک بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم، یەکەم شوێنێک کە سەردانی دەکەم گڵکۆی ئەو کەسانە دەبێت کە بە ژیانی خۆیان خزمەتی گەل و خاک و بەها مرۆییەکانیان کردووە.
نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستیپێکردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو جیهانی ھونەرەوە. غوڵامی بەیارمەتی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد "عەباسی کەمەندی"، لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و تا ئێستا 23 ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە.