ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا پەیوەندیی نێوان پیکێ و رامۆس ئاڵۆز دەکاتەوە
ئیسپانییەکان داوا دەکەن پیکێ لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوور بخرێتەوە
K24- هەولێر
خەریکە جیرارد پیکێ دەبێتە سەرکردەی وەرزشوانە سەربەخۆخوازەکانی کەتەلۆنیا و ئەم بەرگریکارە ئیسپانییە بەبێ گوێدانە هیچ هاوکێشە و بەرژەوەندییەکی خۆی، لەسەر گوزارشتکردن لە هەستە نیشتیمان پەروەرییەکەی بەردەوامە.
پیکێ بە تویتێکی لە تویتەر هەرایەکی زۆری لە ئیسپانیا نایەوە، کاتێک داوای لە کەتەلۆنییەکان کرد تاکو رۆژی یەکشەممە لە خۆپیشاندان و کەرنەڤالەکانیان بە ئاشتی بەردەوام بن و داوای لێکردن رۆژی یەکشەممە هەمووان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن.
ئەم تویتەی پیکێ لەلایەن ئیسپانییەکانەوە قبووڵ نەکرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە و داوا دەکەن پیکێ لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوور بخرێتەوە، بەڵام جولیان لۆپتیگی بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکان پیکێی بۆ دوو یاریی داهاتووی لاڕۆخا لە بەرامبەر ئەلبانیا و ئیسرائیل بانگهێشت کردووە و دەڵێت، پیکێ یاریزانێکی زۆر گرنگە و هەرگیز بەهۆی تویتەکەی لەبارەی جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا بیر لە دوورخستنەوەی ناکەمەوە.
سێرخیۆ رامۆس کە لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا رۆلی لە کەمکردنەوەی فیکەی هاندەرانی هەڵبژاردەکەی لە دژی پیکێ هەبوو، جارێکی دیکە بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیاوە شەڕە قسەکانی لەگەڵ پیکێ دەستپێکردەوە و رایگەیاند تویتەکەی پیکێ لە کاتێکی باشدا نەبوو و پێیوایە ئەگەر پیکێ بیەوێت فیکە و ناڕەزایەتی هاندەرانی ئیسپانیا کپ بکات، نابێت ئەم قسانە بکات، کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا پێیوایە ئەم قسانەی بەرگریکارە کەتەلۆنییەکە لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ماتادۆرەکان نین، بەڵام بەشێکیشن لە ئازادییە تاکە کەسییەکان.
پێچەوانەی رامۆس، خوان لاپۆرتای سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا پاڵپشتی قسەکانی پیکێ دەکات و پێیوایە هەمیشە پیکێ گوتەبێژێکی باشی کەتەلۆنییەکان بووە و قسەی دڵی ئەوان دەکات.
رۆژی یەکشەممە کەتەلۆنیا ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی لە ئیسپانیا ئەنجام دەدات، لە کاتێکدا ٦ یاریزانی کەتەلۆنی بۆ یاریی داهاتووی ئیسپانیا بانگهێشتکراون.
