مهلا بهختیار: گهمارۆدانی گهلی كوردستان شتێكی نوێ نییه
بەرگریکردن لەلای کورد کارێکی پیرۆزە
K24 - ھەولێر
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، باشووری کوردستان پێشتر بۆ ماوەی 30 ساڵ بەرگەی گەمارۆدانی گرتووە و بۆیە ئەوەی ئێستا روودەدات شتێکی نوێ نییە.
مەلا بەختیار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی سپۆتینکی رووسی رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق بیر لە سەپاندنی بڕیارەکانی بکاتەوە و بژاردەی سەربازی لە دژی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت، ئەوا مافی خۆمانە بەرگری لەخۆمان بکەین، بەرگریکردن لەلای کورد کارێکی پیرۆزە.
مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەوەی ئێستا روودەدات دووبارە بوونەوەی مێژووە و لە ساڵانی رابردووشدا لە دژی کورد روویانداوە، کورد لە رابردوودا توانی بۆ ماوەی 30 ساڵ بەرگەی گەمارۆدان بگرێت.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەروەها دەڵێت، عەقلیەتی بڕیار بەدەستدان لە عێراق مەترسی بۆ سەر دیموکراسی هەیە و پرسیاری ئەوەش دەکات کە لە چ وڵاتێکی دونیادا هەیە پەرلەمان لەماوەی 20 خولەکدا 18 بەندی بڕیارێك پەسند بکات، ئەوەشی بە شوڤێنیەت و تووندڕەوی و دژ بە مافەکانی گەلی کورد لە عێراقدا وەسفکردووە.