ترەمپ: رووسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاگربەستێکی پەیوەست بە وزە رێککەوتن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لەم ساتەوە "ئاگربەستی کەرتی وزە" لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەردوو وڵات ڕەزامەندییان دەربڕیوە، هاوکات هۆشداریی توندیشی دا کە نابێت ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت.

یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەستپێکردنی ئاگربەستەکەی لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە فەرمی راگەیاند و نووسیویەتی: لەم ساتەوە و بە شێوەیەکی دەستبەجێ، ئاگربەستی وزە لە جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردوولا لەسەری رێککەوتوون.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا هۆشداری دا هەدوو وڵات کە ئاگربەستەکە پێشێل نەکەن.

رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاوی کردبووەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەنجامداوە و رێککەوتنیان لەسەر رەوانەکردنی ملیۆنان تۆن گازوایل بۆ ئەمریکا و بازاڕەکانی جیهان کردووە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بە مەبەستی رامالینی ئاستەنگەکانی بازاڕ و دابەزاندنی خێرای نرخی سووتەمەنییە بۆ هاووڵاتییان و جووتیارانی ئەمریکی، کە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا، وەک ستراتیژێکی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەقامگیریی کەرتی وزە سەیر دەکرێت.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کردبوو، رێککەوتین لەسەر ئەوەی رووسیا دەستبەجێ زیاتر لە 300 هەزار تۆن گازوایل بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان دابین بکات، هاوکات بڕی 500 هەزار تۆنی دیکە لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا و، راستەوخۆ دوای ئەوەش یەک ملیۆن تۆنی دیکە بنێرێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی خستنەڕووی بڕی سووتەمەنییەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو: سەرباری ئەوەش، بەپێی دۆخی پاڵاوگەکانی گازوایلی ئەو وڵاتە، رووسیا لە ماوەیەکی کورتدا سێ ملیۆن تۆنی دیکەش لە گازوایل رادەست دەکات.

هەروەها، کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، پووتین و ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگیان ئەنجام داوە و تێیدا لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان رێککەوتن؛ بە پێی راگەیەنەراوەکە، هەردوو سەرۆک لە بارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان رێککەوتن.

وەک ئەوەی لە راگەیەنراوەکەدا هاتبووە، لە کەرتی وزە و ئابووریدا، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ترەمپ دووپات کردووەتەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و تەواوی بازاڕەکانی جیهان.

پووتین لەو بارەیەوە رایگەیاندبووە: چوونەناوەوەی نەوتی رووسیا بۆ نێو بازاڕەکانی ئەمریکا، لێکەوتە و کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر دۆخی ئابووریی جیهان دەبێت و دەبێتە هۆی هاوسەنگبوونی بازاڕەکانی وزە.

هەروەها هەر هەمان رۆژ، ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پێشنیازێکی خستبووە بەردەم واشنتن و رایگەیاندبوو وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگە و دامەزراوە نەوتییەکانی رووسیا رابگرێت، بە مەرجێک مۆسکۆش بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئۆکراینا بوەستێنێت.