پاکستان: هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سعوودیە قبووڵکراو نییە
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بە تەواوی لە پاڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیەدا دەوەستێت و چاوپۆشی لە هیچ جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە ناکات، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی پاکستان هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی لە ریاز بە توندی سەرکۆنە کرد.
یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودیە لەسەر بنەمای برایەتی و رێککەوتن هاوبەشەکان بونیاتنراون، هەربۆیە ئیسلامئاباد بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات دەستدرێژی بکرێتە سەر سعوودیە و پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
هاوکات ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا بە توندی پەلاماری گرووپی حوسییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالد لە ریاز سەرکۆنەکرد و نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەی دەربڕی. داوای کرد دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی شارستانی دەکەنە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی پاکستان گوتیشی: "ئەم هێرشانە بە تەواوی رەتکراوەن و پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، هاوکات هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پاکستان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکات.
لە کۆتاییشدا، وەزیری دەرەوە هاوسۆزی و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەرکردایەتی و گەلی سعوودیە دووپات کردەوە و رایگەیاند، پاکستان پابەندە بە پاراستنی سەروەری و سەلامەتیی خاکی سعوودیە لە چوارچێوەی "رێککەوتنی مەکە بۆ بەرگریی هاوبەش".
ئەم هەڵوێستەی پاکستان دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە، لە راگەیەنەراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو هێرشە دڕندانەیەی پاشنیوەڕۆی دوێنێ کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەخت، بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 309 کەسی دیکە.
بەگوێرەی راگەیەنەراوەکە، لە نێو ئەو 12 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، چواریان هاووڵاتیی سعوودیین و هەشتی دیکەیان دانیشتووی بیانیی ئەو وڵاتەن لەم نەتەوانە: (دوو هاووڵاتیی بەنگلادیشی، یەک هاووڵاتیی ئەمریکی، یەک میسری، یەک ئوردنی، یەک سووری، یەک فەڵەستینی و یەک هاووڵاتیی سوودانی).
دەستەکە گوتیشی: 309 کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و لە چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازدا چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێشکەش دەکرێت، لە کاتێکدا برینی بەشێکیان سەختە؛ هاوکات هێرشەکە زیانی ماددیی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە ئێستا کار بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکرێت.