ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا کلاسیکۆ ناهێڵێت و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2018 بێبەش دەکات
گواردیۆلا، پیکی و لاپۆرتا داوا لە کەتەلۆنییەکان دەکەن سبەی دەنگ بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدەن
K24- هەولێر
سبەی یەکشەممە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا بەڕێوە دەچێت و ریفراندۆمەکە بووەتە هەڕەشەیەک بۆ سەر تۆپی پێی ئیسپانیا و لەوانەیە ببێتە هۆی سڕکرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
دوای ئەوەی سەرپەرشتیارانی لالیگا هەڕەشەی دەرکرانیان لە یانەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل و گیرۆنا کرد، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هاتەدەنگ و هەڕەشە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکات، ئەگەر سیاسەت تێکەڵی وەرزش بکەن و بیر لە دوورخستنەوەی یانە کەتەلۆنییەکان بکەنەوە، ئەوا هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکان سڕ دەکرێت.
لەبەر ئەوەی کەتەلۆنیا خاوەنی خولی تایبەت بە خۆی نییە، بارسێلۆنا ئەگەر لە لالیگا دوور بخرێتەوە، پێویستە خولی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی هەڵبژێرێت.
جیرارد فیگوێرا، وەزیری وەرزشی کەتەلۆنیا
دوای سەربەخۆیی کەتەلۆنیا یانەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل و گیرۆنا دەتوانن بڕیاری لەسەر ئەو خولانە بدەن کە دەیانەوێت تیایدا یاریی بکەن، لە لالیگا یان لە خولێکی وڵاتان دراوسێ وەکو لیک1 یان پرێمەرلیگ یان سێریا ئەی بەشداریی بکەن.
ئێستا چەند یانەیەکی وڵاتی دیکە بەشداریی خولەکانی ئیسپانیا دەکەن، بۆ نموونە چەند یانەیەکی ئاندۆرا لەسەر ئاستی تۆپی پێ و باسکە بەشداریی خولەکانی ئیسپانیا دەکەن، یانەی مۆناکۆ بەشداریی لیگ1 دەکات و یانەی وێلزیش بەشداریی پرێمەرلیگ دەکەن. بۆیە پێموایە دوای سەربەخۆیی هیچ کێشەیەک بۆ یانەکانمان درووست نابێت و باوەڕ ناکەم یوێفا رێگری لە ویستی یانەکانمان بکات.
ئەستێرە و کەسایەتییەکانی تۆپی پێی کەتەلۆنیا لە پێشەوەی هەموویان جیرارد پیکێ ئاڵای سەربەخۆییان لە دژی ئیسپانییەکان بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کێشە بۆ لۆپتیگی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا درووست بێت، چونکە کەمتر لە ساڵێک ماوە مۆندیالی 2018 بەڕێوە بچێت، چارەنووسی چەندان یاریزانی کەتەلۆنی لە ریزی لارۆخا دیار نییە و خەریکە دووبەرەکی دەکەوێتە ناو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و پەیوەندیی نێوان پیکێ و رامۆس تێکدەچێت، تەنانەت هاندەرانی ئیسپانیا داوا دەکەن سەرجەم یاریزانە کەتەلۆنییەکان لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دووربخرێنەوە.
پیپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی ئینگلیزی
بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی قسەکانی پیکێ دەکەم، ئێمە مافی خۆمانە دەنگ بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدەین، پێموایە کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، چونکە دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەین.

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا
هەڵەیە ئەگەر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی راگەیاند، هاندەران لە کلاسیکۆ بێبەش بکەین، پێویستە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کاریگەریی لەسەر کلاسیکۆ نەبێت، چونکە دوو شتی لەیەک جیاوازن و پەیوەندییان بەیەکەوە نییە.
من و پیکێ هەوڵ دەدەین لە سێرخیۆ رامۆس بگەیەنین خەڵکی کەتەلۆنیا مافی خۆیەتی ریفراندۆم بکات، تەنانەت دەتوانین رازی بکەین پاڵپشتی رتفراندۆمەکەش بکات.

کەتەلۆنییەکان لەسەر دەنگدانیان بۆ سەربەخۆیی سوورن، چونکە پێیانوایە قوتابخانەی لاماسیا و ژێرخانێکی تۆپی پێی پتەویان هەیە و هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا لە داهاتوو دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی ئەوروپا و جیهان، کە لەوەتەی ساڵی 1714 لەلایەن ئیسپانیاوە داگیرکراون و کەتەلۆنیا زمان و خاک و ئاڵای تایبەت بە خۆی هەیە، سەرەڕای پەستانی حکوومەتی ئیسپانیا، کەتەلۆنیا سوورە سبەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بکات.