چاڤی هێرناندێز: ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیسپانیا روودەدات عەیبێکی گەورەیە

پەیامێک لە چاڤییەوە لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کەتەلۆنیاوە

K24- هەولێر

چاڤی هێرناندێزی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی کەتەلۆنیا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و هێرشدەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا.

کەمێک لەمەوبەر چاڤی هێرناندێز پەیامێکی ڤیدیۆیی لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی ریفراندۆمی کەتەلۆنیاوە بڵاوکردەوە ، کە لە بەیانییەوە ئاڵۆزی و گرژیی لە نێوان پۆلیس و دەنگدەران هەیە و کەتەلۆنییەکان سوورن لەسەر ئەوەی بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمەکەیان بکەن و پۆلیسی ئیسپانیاش لە چەند بنکەیەکی دەنگدان رێگرییان لێدەکەن.

چاڤی کە ئێستا لە قەتەرە و بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەنگی بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا داوە، لە پەیامە ڤیدیۆییەکەی کە بە زمانی کەتەلۆنی، ئیسپانی و ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت 'ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتێکی دیموکراتی وەکو ئیسپانیا روودەدات عەیبێکی گەورەیە، پێویستە رێگە بدرێت کەتەلۆنییەکان بچنە سەر سندووقەکان و دەنگی خۆیان بدەن، بژی کەتەلۆنیا'.

پێشتر چاڤی هێرناندێز پشتگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەربڕی بوو و گوتبووی 'ئەگەر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی رابگەیەنێت، هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی تۆپی پێی جیهان'.