لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆغان رووسیا نیگه‌ران ده‌كات

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی رووسیا قسه‌كانی به‌ بێبایه‌خ ناوده‌بات

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌لیكسی بوشكۆف، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی رووسی له‌ وه‌ڵامی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند: "بارودۆخی نیمچه‌ دوورگه‌ی "كریمیای رووسی" ناگۆڕێت، جا ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رووسیا بنێت یان نا".

ئه‌و قسانه‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رووسیایه‌ بۆ قسه‌كانی ئه‌ردۆغان، كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هاوتا ئۆكرانییه‌كه‌ی پیترۆ بۆرۆشینكۆ له‌ كییڤ كردی و گوتبووی: "توركیا پاڵپشتی سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئۆكرانیا ده‌كات و دان به‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كریمیا له‌ ناو یه‌كێتی رووسیا نانیت".

بوشكۆف له‌ هه‌ژماری خۆیه‌وه‌ له‌ تویته‌ر نوسیوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان دان به‌ كریمیا بنێت وه‌ك به‌شێكی سه‌ر به‌ رووسیا یان نا، هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ناگۆڕێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی نیمچه‌ دوورگه‌كه‌ نابێت، ئه‌و باش ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ته‌نها بۆ رازیكردنی دڵی سه‌رۆكی ئۆكرانیایه‌ و له‌وه‌ زیاتر نییه‌".

له‌ مانگی ئاداری ساڵی 2014 دوای ریفراندۆمێك، كریمیا گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتی رووسیا و 95%ـی ئه‌وانه‌ی به‌شداریی ریفراندۆمه‌كه‌یان كردبوو، به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی رووسیادا.

له‌ 3/9/2016 ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاند: "پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی كریمیا بۆ رووسیا كۆتاییهاتووه‌و ئه‌و دۆسێیه‌ داخراوه‌".