ئه‌ردۆغان جارێكی دیكه رووسیا تووڕه ده‌كاته‌وه
ورچی سپی بێوه‌ڵام نابێت
K24 - هه‌ولێر:
لێدوانێكی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، بووه‌ته هۆی تووڕه‌بوونی رووسیا و له به‌رامبه‌ریشدا ورچی سپی وه‌ڵامی لێدوانه‌كه‌ی ده‌داته‌وه.
ئه‌ردۆغان له سه‌ردانێكیدا بۆ وڵاتی ئۆكرانیا و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هاوتا ئۆكرانییه‌كه‌ی، پیترۆ بۆرۆشینكۆی، رایگه‌یاند، توركیا پاڵپشتی سه‌روه‌ری ئۆكرانیا و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاته ده‌كات و دان به هه‌رێمی كریمیاشدا نانێت وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ر به رووسیا.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌دا، ئه‌لێكسی پوشكۆڤ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی رووسیا، له توویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه رایگه‌یاند، ئه‌ردۆغان وه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ر به رووسیا دان به كریمیا بنێت یان نا، هیچ له بابه‌ته‌كه ناگۆڕیت و خۆشی ئه‌وه باش ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغانیش ده‌یكات، ته‌نها بۆ رازیكردنی بۆرۆشینكۆیه نه‌ك زیاتر.
هێنده له مێژ نییه نێوانی توركیا و رووسیا ئاسایی بووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی رووسی له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، نێوانی مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره، گرژی تێكه‌وت و كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی سزای ئابووریش به‌سه‌ر یه‌كدا بسه‌پێنن، دواتر ئه‌ردۆغان، وه‌كو سه‌رۆكی توركیا به نامه‌یه‌ك، داوای لێبوردنی له پوتین كرد و بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش سه‌ردانی رووسیای كرد.