قاسم سوله‌یمانی باسی خراپترین جۆری خیانه‌ت ده‌كات
فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودس: ئه‌گه‌ر كه‌سێك لێكۆڵینه‌وه‌ی كرد له‌سه‌ر ئه‌دا و مێژووی كاری هێزه سیاسییه‌كانی دوژمن فریو ناخوات
K24 - هه‌ولێر:
قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، كه سه‌رپه‌رشتی ئۆپراسیۆنی هێزه‌كانی ئێران ده‌كات له عێراق و سووریا، له وتارێكی پێشوویدا باسی جۆری خیانه‌ت و چۆنییه‌تی درووستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دوژمن ده‌كات و ده‌ڵێت: "دانی خاك به دوژمن، خراپترین جۆری خیانه‌ته".
به گوێره‌ی ڤیدیۆیه‌ك كه به‌فراوانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، قاسم سوله‌یمانی باسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن ده‌كات و ده‌ڵێت: "له كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن‌دا، ئه‌گه‌ر له هێڵی پێشه‌وه‌ی به‌رگریی دوو ده‌نگ به‌رزبووه‌وه‌و یه‌كێكیان هاواریكرد ئه‌مه دوژمنه و یه‌كێكی دیكه گووتی نا ئه‌مه دوژمن نییه دۆسته، ئه‌وكاته هه‌مان شت رووده‌دات كه له جه‌نگی "سفین روویدا و ژماره‌ی سوپاكه‌ی ئه‌میری موسڵمانانی گۆڕی و له هه‌ناویدا خه‌واریج درووست بوو".
هه‌روه‌ها سوله‌یمانی ده‌ڵێت: "ناسینی دوژمن پرسێكی سیاسی نییه و پرسێكه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌زموونه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك لێكۆڵینه‌وه‌ی كرد له‌سه‌ر ئه‌دا و مێژووی كاری هێزه سیاسییه‌كانی دوژمن، فریو ناخوات".
قاسم سوله‌یمانی كه به پیاوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراوه، ئێستا به چڕی كار له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه قسه‌ی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز كردبوو "قاسم سوله‌یمانی له ماوه‌ی مانگێكدا 3 جار سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی كردووه‌و فشاری خستووه‌ته سه‌ریان و رازیكردوون كه بچن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا ریكبكه‌ون و به‌و هۆیه‌شه‌وه ریگه بۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كرایه‌وه‌و هاتنه ناو شاری كه‌ر‌كووك".
به ئاشرایش به‌رپرسانی ئه‌و باڵه ده‌ستڕۆیشتووه ده‌ڵێن: نحاجی قاسم سوله‌یمانی دۆستێكی نزیكمانه و ئامۆژگاریی كردووین تا شه‌ڕ روونه‌دات".
هه‌ر ئه‌و دۆخه‌ش وایكرد، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌و كاره به رێككه‌وتنی ژماره‌یه‌ك "كاڵفامی ناو حزبه‌كه" ناوببات و بڵێت خاكیان راده‌ستی دوژمن كردووه، له كاتێكدا ئه‌و به‌رپرسانه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به پاڵپشتی سوپای پاسداران به "دۆست" ناو ده‌به‌ن و ئه‌و دۆخه‌ش بووه هۆی له‌ده‌ستدانی رووبه‌رێكی فراوانی خاكی كوردستان و گه‌یاندنی زیانی مه‌زن به پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئابووری كوردستان و خه‌ڵكی ناوچه‌كانیشی تووشی ئاواره‌یی و ماڵوێرانی كرد.