له‌ ژووری فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ به‌غدا وێنه‌ی خومه‌ینی و خامه‌نیی هه‌ڵواسراوه‌

حه‌شدی شه‌عبی ئینتیمای مه‌زهه‌بی له‌ ده‌وری ئه‌جێندای ئێران كۆیكردوونه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر

له‌ ژووری فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ به‌غدا، وێنه‌ی ئیمام خومه‌ینی وعه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و عه‌لی سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كان پێكه‌وه‌ هه‌ڵواسراون.

به‌ گوێره‌ی وێنه‌یه‌ك كه‌ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در و سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی تێدا ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ ژووری فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ به‌غدا، وێنه‌ی مه‌رجه‌ع و رێبه‌ره‌كانی ئێران و عێراق پێكه‌وه‌ هه‌ڵواسراون.

حه‌شدی شه‌عبی ‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ چه‌ندین گرووپی چه‌كدار و میلیشیای شیعی، به‌ فه‌توای مه‌رجه‌عی ئاینی شیعه‌كان، ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئێران پێكهێنراون و ئه‌جیندای ئێران و شیعه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

له‌ دواین لێدوانی په‌یوه‌ست به‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ریكس تیلرسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گووتی: "پێویسته‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران له‌ عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌" و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی ناڕه‌زایی توندی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ توندی دژی ئه‌مریكا وه‌ستانه‌وه‌و داوایان ده‌كرد داوای لێبوردن بكات و هیزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.