هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: داعش خۆی بۆ به‌رگریكردن ئاماده ده‌كات
رایان دیلۆن: ئێستا چه‌كدارانی داعش گۆڕاون و شه‌ڕی تا مردن ناكه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
رایان دیلۆن، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش رایگه‌یاند: "چه‌كدارانی داعش له نزیك سنووری عێراق و سووریا خۆیان بۆ به‌رگریی رێكخستووه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ك مووسڵ تا مردن ناجه‌نگن".
دیلۆن به ئاژانسی رۆیته‌رزی گوتووه: "له سنووری نێوان عێراق و سووریا، داعش هێزی به‌رگری خۆی رێكخستووه‌ته‌وه‌و ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌و هێرشانه كردووه كه له‌لایه‌ن هێزه سووری و عێراقییه‌كانه‌وه ده‌كرێنه سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی له دواین مۆڵگه‌كانیان ده‌ریانپه‌ڕێنن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێستا ئێمه ئاماده‌كارییه‌كانی داعش له قائیم و ئه‌لبوكه‌مال ده‌بینین و سه‌ركرده‌كانی داعش چوونه‌ته ئه‌لبوكه‌مال له ناو سووریا".
دیلۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "ئه‌لبوكه‌مال ئامانجی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه، به‌ڵام بۆ هێرشی زه‌مینی بڕیاره‌كه بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی ده‌مێنێته‌وه".
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ده‌ڵێت: "ئێستا چه‌كدارانی داعش زۆر جیاوازن له‌و كاته‌ی دژی هاوپه‌یمانان له مووسڵ ده‌جه‌نگان، ئێستا شه‌ڕی تا مردن ناكه‌ن، به‌ڵام له مووسڵ كردیان و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به دابه‌زینی ورهیانهوه".