ئه‌مریكا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و خامنه‌یی ره‌تیده‌كاته‌وه‌

عه‌بادی بۆ خامنه‌یی: ئەمریكا بەو مەرجە لە پشتگیری سەربازی ھێزەكانی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت رێگا بە حەشدی شەعبی نەدرێت بچنە نێو سنووری ھەرێمی كوردستانەوە

K24 - هه‌ولێر:

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەنێوان فشارەكانی ئەمریكا بۆ ھەڵوەشاندەوەی حەشدی شەعبی و ھەژموونی ئێران بەسەر بەشی زۆری لایەنە سیاسییەكانی عێراق و حەشدی شەعبیشەوە، تووشی كێشەی سیاسی گەورە بووتەوە.

لەمبارەیەوە، رۆژنامەی جەریدەی كوێتی لە راپۆرتە ھەواڵێكدا ئاشكرای دەكات، لەسەردانەكەی ئەمدواییەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و بە ئایەتوڵا خامەنەیی رێبەری ئێرانی راگەیاندووە، كە نیازی وایە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێنێتەوە و تێكەڵی ھێزە ئەمنییەكانی دیكەی بكاتەوە، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن خامەنیییەوە رەتكراوەتەوە و بەعەبادی گوتووە، ھەرگیز حەشدی شەعبی نابێت ھەڵبوەشێتەوە تاكو سەرجەم مەترسییە ئەمنییەكان لەسەر عێراق كۆتاییان پێدێت، ھەروەھا گوتوویەتی پێویستە ھاوشێوەی خۆبەخشانی بەسیجی ئێرانی بكرێنە پاڵپشتی حكومەت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق راشكاوانە بە رێبەری ئێرانی گوتووە، لە دوا سەردانی ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەوەی ئاشكراكردووە، ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ داوای كردووە حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێتەوە، یان تێكەڵ بە ھێزە ئەمنییەكان بكرێن.

عەبادی ئەوەشی بە خامەنیی گوتووە كە ئەمریكا بەو مەرجە بەردەوام دەبن لە پشتگیری سەربازی ھێزەكانی عێراق، كە رێگا بە حەشدی شەعبی نەدرێت بچنە نێو سنووری ھەرێمی كوردستانەوە.

پێشتر لە راگەیەنراوێكدا ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدابوو كە حەشدی شەعبی بە ھاوكاری سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی ھێرشییان كردووەتە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای دیجلە. ئەمەش وای لە تیلەرسن كرد، بەتەلەفون پەیوەندی بەعەبادییەوە بكات و پێی رابگەیەنێت، كە ئێوە عەرەبن نەوەك فارس، پێویستە كۆتایی بە ھەژموونی ئێرانەوە بێنن.

لە نوێترین كاردانەوەشدا، عەبادی فەرمانی بە حەشدی شەعبی كردووە ھێرشەكانی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان رابگرێت