هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ راگرتنی په‌خش كوردستان24 و داخستنی نووسینگه‌كانی ده‌كه‌وێته به‌ر ره‌خنه
دوو ناوه‌ندی داكۆكیكردن له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری تێكه‌ڵكردنی رۆژنامه‌نووسان به قه‌یرانه سیاسییه‌كان به مه‌ترسی ده‌زانن
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی عێراقی بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ر به سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق و سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان، ره‌خنه له بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌گرن كه بڕیاریانداوه كاركردنی تیمه‌كانی كوردستان24 له عێراق قه‌ده‌غه بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی بڕیاری فه‌رمانگه‌ی بینراو وبیستراوی سه‌ر به كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق، پاش ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریدا گرت، رێگه له په‌یامنێرانی كوردستان24 گیراوه تا له (ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم) رووماڵی رووداوه‌كان نه‌كه‌ن.
به گوێره‌ی نووسراوێك، فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی عێراق، داوای له كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و گه‌یاندن له به‌غدا كردووه، له رووی یاساییه‌وه كه‌ناڵه‌كه دابخات. هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه كه كوردستان24 ڤیدیۆ و وێنه‌ی له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ده‌رحه‌ق به هاووڵاتیانی كورد له ناوچه كوردستانییه‌كان ئه‌نجامدراوه‌و به‌غدا به‌و هۆیه‌وه توڕه بووه.
روانگه‌ی عێراقی بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری سه‌ر به سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی عێراق و سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا ده‌ڵێن: "ترسمان هه‌یه میدیاكان ببنه قوربانی قه‌یرانه سیاسییه‌كان كه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گرژی زۆری تێكه‌وتووه".
هه‌ر دوو لا داوا ده‌كه‌ن "له‌و كێشانه‌ی ئێستادا كه‌ناڵه ئاسمانی و رادیۆ و ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ و رۆژنامه‌نووسان نه‌كرێنه لایه‌ن و له كێشه‌كان دووربخرێنه‌وه".

له‌م دواییانه‌شدا عه‌لی خویه‌لدی، سه‌رۆكی ده‌زگای جێبه‌جێكردنی كۆمیسیۆنی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق، نووسراوی بۆ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش كردووه تا چالاكییه‌كانی تیمه‌كانی كوردستان24 له به‌غدا و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق رابگرێت.
له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه "كوردستان24 و كه‌ناڵێكی دیكه‌ی كوردی، مۆڵه‌تی كاركردنیان له‌لایه‌ن ده‌سته‌كه‌وه پێ‌نادرێت و كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تیشی ئاراسته كردووه كه به گووته‌ی ئه‌وان ده‌بنه هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی".
ره‌حمان غه‌ریب سه‌رۆكی سه‌نته‌ری میترۆ گوتوویه‌تی: "ترسیكی راسته‌قینه‌یه كه پاڵ به رۆژنامه‌نووسانی دامه‌زراوه میدیایی و رۆژنامه‌نووسییه‌كانه‌وه بنرێت تا باجی قه‌یرانه سیاسییه‌كان بده‌ن و بڕیار له دژیان ده‌ربكرێت".
به‌هۆی رووماڵی پیشه‌ییانه‌ی كوردستان24 بۆ رووداوه‌كانی رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه و گواستنه‌وه‌ی راستییه‌كان و پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێك بۆ ئاراسته‌كردنی پاڕازێت و داخستنی نووسینگه‌كانی كرد و جگه له داخستنی نووسینگه‌كانی كه‌ركووك و به‌غدا و پێشتر نووسینگه‌ی تاران، هه‌وڵی راگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه له‌سه‌ر مانگی ده‌ستكردی نایلسات ده‌ده‌ن".