"موشەكی بالستیكی ئێران ھەڕەشەیە دژی ئەمریكا و ھاوپەیمانانی"
ھۆكاری سەرھەڵدانی قەیران و ناسەقامگیری ناوچەكە بووە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەرنامەی موشەكی بالستیكی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە ھەڕەشەیەك دژ بە ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی دەزانێت.
ھێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، موشەكە بالیستیكییەكانی ئێران لە ماوەی رابردوودا ھۆكاری سەرھەڵدانی قەیران و ناسەقامگیری ناوچەكە بووە و ھەڕەشە و مەترسیشە بۆ سەر ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی.
ناوێرت، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لە كاردانەوە بە قسەكانی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئێران، ئەو وڵاتەی بە پێشێلكردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار كرد و وتیشی، ئەمریكا رێگە بە ھەوڵە تێكدەرانەكانی ئێران نادات.
دوێنی فەرماندەی سوپای پاسداران، هۆشداری دایە ئەمریکا کە سەپاندنی گەمارۆی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی زیاتر پەرەپێدانی سیستمی بەرگری و مووشەکیی ئیران.