ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ئه‌منی ده‌داته هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی له عێراق
"هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانتان هه‌یه"
K24 - هه‌ولێر:
نوێنه‌رانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی له هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئاگادار ده‌كاته‌وه و داوا له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات، له چه‌ند شوێنێكی به‌غدای پایته‌خت خۆیان به‌دوور بگرن.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا له عیراق، ئامۆژگاری هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی كردووه نه‌چنه "مۆڵ به‌غداد" له پایته‌ختی عێراق، چونكه زانیاری باوه‌ڕپێكراویان پێگه‌یشتووه، كه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه ده‌كرێته ئامانج.
هه‌روه‌ها وه‌بیر هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش ده‌هێنێته‌وه، پێویسته له‌وپه‌ڕی هۆشیاری ئه‌منیدا بن و ته‌واوی رێوشوێنی پێویست بگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له مه‌ترسی تیرۆر بپارێزن كه له عێراقدا ده‌مێننه‌وه.