هه‌وڵێكی تیرۆركردنی سه‌عد حه‌ریری ئاشكرا ده‌بێت
"العربیة" ورده‌كارییه‌كانی ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ته‌له‌ڤزیۆنی "العربیه"ی سعوودی، هه‌وڵێكی تیرۆركردنی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان، كه ئه‌مڕۆ ده‌ستی له كاركێشایه‌وه، ئاشكرا ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئێستا، له به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان، پیلانی تیرۆركردنی حه‌ریری داڕ‌ێژرابوو، هه‌وڵیشی بۆ درا، به‌ڵام دواجار سه‌ری نه‌گرت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له كاتی به‌ڕێكه‌وتنی كاروانه‌كه‌ی سه‌عد حه‌ریری، سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان، كه له سعوودیه‌وه ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند، تاوه‌ری چاودێری له كارخراوه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانرێت په‌یوه‌ندییان پێوه بكرێت.
سه‌عد حه‌ریری، له باره‌ی ده‌ست له‌كار كێشانهوهكهشی، له سعوودییه‌وه رایگه‌یاند، مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه و هه‌وڵی تیرۆركردنی ده‌درێت.
گوتیشی: "ئاگاداری ئه‌و پیلانه نهێنییانه بووم، كه ئامانجییان تیرۆركردنم بوو".
سه‌عد حه‌ریری، له كاتی ده‌ست لهكاركێشانهوهیدا، له په‌یامه ڤیدیۆییه‌كه‌یدا، ره‌وشی ئێستای لوبنانی به سه‌رده‌می به‌ر له تیرۆركردنی "ره‌فیق حه‌ریری" باوكی وه‌سف كرد.
له په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ی لوبنان، باسی له رۆڵی ئێران كرد له ناوچه‌كه و گوتی: "ئێران ده‌یه‌وێت جیهانی عه‌ره‌بی وێران بكات".
گوتیشی: "ده‌ستی ئێران له ناوچه‌كه ده‌بڕدرێت".